zagros news agency

گەشتوگوزاری عێراق: هەوڵ دەدەین تا ساڵی ٢٠٣٥ ژمارەی گەشتیاران بگەیەنینه ١٠ ملیۆن

 

دەستەی گەشتوگوزار لە وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار، ئەمڕۆ سێشەممە، ئامادەکردنی ستراتیژییەکی نیشتمانی بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار تا ساڵی ٢٠٣٥ راگەیاند، کە لە رێگەیەوە هەوڵ دەدات پێشوازی لە ١٠ ملیۆن گەشتیار بکات. هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە بەریتانیا و چەند وڵاتێکی ئەوروپی پۆلێنکردنی ئەمنیی عێراقیان بۆ مەبەستی گەشتکردن ئاسانتر کردووە.

 

عەلی یاسین، بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار راگەیاند: “کەرتەکە رووبەڕووی بەربەست دەبێتەوە، لەوانە هۆشدارییە ئەمنییەکانی هەندێک وڵاتی ئەوروپی، چین و ئەمریکا سەبارەت بە سەردانیکردنی عێراق”، داواشی لە وڵاتانی بیانی کرد “پیاچوونەوە بە هۆشدارییە ئەمنییەکانیاندا بکەن.”

 

زیاتر وتی: “بەریتانیا پۆلێنکردنی عێراقی سوک کردووە، هەروەها چەند وڵاتێکی ئەوروپی وەک سویسرا و ئیسپانیا ئەم بابەتەیان رەچاو کردووە.” ئاماژەی بەوەش کرد کە “دەستەکە چالاکیی بۆ باڵیۆزانی وڵاتانی بیانی رێکخستووە، لەوانە ئێوارەخوانێک لە باخچەکانی سەرای و نمایشی رۆشنبیری و هونەری بە بەشداری فەرمانگەی پۆشاکی عێراقی و تیپی سۆمەرییات، بۆ گەیاندنی ئەو پەیامەی کە عێراق وڵاتی شارستانییەت و ئاشتییە.”

 

ناوبراو روونی کردەوە کە “گەشتوگوزار پیشەسازییەکە پشت بە ئاسایش، سەقامگیری، ژێرخان و پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوە دەبەستێت،” جەختیشی کردەوە کە “دەبێت گرنگییەکی زیاتر بە کەرتی گەشتوگوزار بدرێت، چونکە کۆڵەکەیەکی گرنگی ئابووری، رۆشنبیری و کۆمەڵایەتییە.”

 

هەروەها وتی: “دەستەکە لە ساڵی ٢٠٢٥دا کۆنفرانسی گەشتیاری جۆراوجۆری ئەنجامداوە، لەوانە کۆنفرانسی ئاماری گەشتیاری کە شارەزایانی نێودەوڵەتی تێیدا بەشداربوون و ئەنجامی ئەرێنی بۆ پسپۆڕان هەبووە.” ئاماژەی بەوەش کرد کە “پێشنیازێک بۆ ستراتیژییەکی نیشتمانی بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری عێراقی گەشەسەندوو و رکابەر ئامادەکراوە کە بۆ ماوەی دە ساڵ و تا ساڵی ٢٠٣٥ دەخایەنێت، بەو ئامانجەی پێشوازی لە ١٠ ملیۆن گەشتیار بۆ شوێنە شوێنەوارییەکان بکرێت.”

 

باسی لەوەش کرد کە “ستراتیژییەکە نۆژەنکردنەوەی شوێنە گەشتیارییەکان، بنیاتنانی تواناکانی مرۆیی، گرنگیدان بە گەشتوگوزاری سروشتی و کەلەپووری و شوێنەواری، و بەرزکردنەوەی پشکی گەشتوگوزار لە داهاتی نیشتمانی دەگرێتەوە.” روونی کردەوە کە “لە نێو پلانەکانی داهاتوودا ئەنجامدانی کۆنفرانسی راگەیاندنی گەشتیاری، مەشقپێکردنی کادرانی مرۆیی، بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد (AI) لە پەرەپێدانی کەرتەکەدا، جگە لە رێکخستنی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بابل هەیە کە یەکێکە لە ئەرکەکانی دەستەی گەشتوگوزار.”

 

لە کۆتاییدا جەختی کردەوە لە “ئامادەیی دەستەکە بۆ پشتگیریکردنی هەر چالاکی یان فێستیڤاڵێک کە خزمەت بە بەرژەوەندی باڵای وڵات بکات و پێگەی عێراق لەسەر نەخشەی گەشتیاریی عەرەبی و جیهانی بەهێزتر بکات.”

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی حکومەت لەگەڵ ئەمینداری گشتیی یونێسکۆ کۆبووەوە

یاسین

تانەکانی ئەنجامی هەڵبژاردن ڕەوانەی دادگای فیدراڵی دەکرێن

یاسین

ترەمپ هۆشداری لە ڕوودانی سونامی دەداتە دوو ویلایەت

سەڵاح