لە بانگەوازەكەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاتووە “شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە شاری حەلەب دەبنە هۆی کارەساتی مرۆیی و ئاوارەبوونی خەڵک و کۆچبەریی زۆرەملێ و قەیرانی دیکەی مرۆیی”.
لە بانگەوازەكەدا هەروەها هاتووە “داوا لە ئاژانس و رێکخراوەکان، و خەڵکی خێرخوازیی هەرێمی کوردستان و رەوەندی کوردستانی دەكەین هاوکار و پشتیوانیمان بکەن بۆ ئەوەی هاوکاری مرۆیی بگەیەنینە ناوچەکە”.
دەقی بانگەوازەكەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی:-
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە سۆنگەی بەها و بنەما مرۆییەکان، بە نیگەرانییەکی زۆرەوە لە پەرەسەندن و زیادبوونی گرژیی و ئاڵۆزییەکان لە شاری حەلەب دەڕوانێت، بێگومان ئەو جۆرە گرژیانە دەبنە هۆی کارەساتی مرۆیی و ئاوارەبوونی خەڵکی ناوچەکە لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بۆیە گرنگە پارێزگاریی لە گیانی هاووڵاتییانی سڤیل بکرێت و رێگە نەدرێت کۆچبەری زۆرەملێ رووبدات، کە بەداخەوە ئەو گرژییانە دەبنە هۆی نەهامەتی و پەڕاگەندەبوونی ژن و منداڵ و هاووڵاتییانی سڤیل و قەیرانی دیکەی مرۆیی.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشتریش، رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە بەهاناوەچوونی خەڵکی لێقەوماو لە ناوچەکەدا کە بەهۆی شەڕەوە ئاوارە بوونە، ئێستاش بەهۆی ئەو گرژیانەی حەلەب، ئاوارەیەکی زۆر روویان لە عەفرین کردووە کە بە گوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان ژمارەیان دەگاتە 22 هەزار خێزان.
لەم سۆنگەیەوە، ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین، هەڵمەتێکی گەورەی مرۆیی رادەگەیەنێت بۆ ئەوەی هاوکارییە سەرەتاییەکان بۆ ئەو ئاوارانەی دابین و دەستەبەر بکات، کە بەهۆی ئەم شەڕەوە روویان لە عەفرین کردووە.
لێرەدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بانگەواز لە ئاژانسەکان، رێکخراوەکان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، خەڵکی خێرخوازیی هەرێمی کوردستان و رەوەندی کوردستانی لە دەرەوە دەکات، هاوکار و پشتیوانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بکەن، بۆ ئەوەی بتوانین هاوکاری مرۆیی بگەیەنینە خەڵکی ناوچەکە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی
8ی کانوونی دووەمی 2026

