وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لەبارەی قەدەغەی ڕاوەماسی، ڕایگەیاند، لە وەرزی زاوزێ دەبێت هاووڵاتیان پابەند بن بە قەدەغەی ڕاوە ماسی.
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، لە ڕێگەی فەرمانگەی سامانی ئاژەڵییەوە داوای لە سەرجەم ماسیگرەکان کردووە پابەند بن بە قەدەغەی ڕاوکردنی ماسی لە وەرزی زاوزێدا، جەختیشی کردەوە، ئەم ڕێوشوێنە ڕێگە دەدات ماسیەکان دەست بەزاوزێ بکەنەوە، هەروەها دڵنیایی دەدات لە پاراستنی سامانی ماسی وەک سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ نەوەکانی داهاتوو.
وەزارەتی کشتوکاڵ ڕوونیشی کردەوە، پابەندبوون بە ماوەی قەدەغەی ماسیگرتن ڕاستەوخۆ بەشدارە لە پاراستنی سامانی ماسی و پشتگیریکردنی ئاسایشی خۆراک و بەدەستهێنانی هاوسەنگی ژینگەیی.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی نیشتمانییە کە پێویستی بە هۆشیاری و هاوکاری هەموو لایەک هەیە بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی ڕێکارەکە بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی بکات و پەرە بە سەرچاوە نیشتمانییەکان بدات.
هاوکات قەدەغەی ڕاوی ماسی لەشارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق لە ناوەڕاستی مانگی شوبات دەست پێدەکات، هەروەها لەناوەڕاستی مانگی ئاداریش لە شارەکانی کەرکووک و نەینەوا دەست پێدەکات و تاوەکوو مانگی تەممووز بەردەوام دەبێت.

