هەزاران کەس لە کوردان و پاڵپشتیکارانیان ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی کانوونی دووەم (٣٠ی بەفرانبار) لە شارە جیاوازەکانی ئەورووپا، لەوانەش وڵاتانی ئەڵمانیا، سوید، دانیمارک، نەرویج، هۆڵەندا، بەریتانیا، فەڕەنسا، فینلاند و بەلجیکا ڕژانە سەر شەقامەکان تاکوو دژی پێکدادانەکانی ئەم دوایییەی نێوان هێزە کوردییەکان و سوپای حکوومەتی کاتیی سووریا ناڕەزایەتی دەرببڕن. ئەم خۆپێشاندانانە بەدوای پەرەسەندنی گرژییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوە چوون و لە هەندێک حاڵەتدا بووە هۆی دروستبوونی پێکدادان لەگەڵ پۆلیسدا.
خۆپێشاندەران لە زیاتر لە ٢٠ شاری گەورەی ئەڵمانیا هاتنە سەر شەقام و بە بەرزکردنەوەی ئاڵاکانی کوردستان و گوتنی دروشم دژی حکوومەتی سووریا و بۆ پاڵپشتیکردن لە هێزە کوردییەکانی سووریا، داوای ڕاگرتنی هێرشەکانیان کرد. پۆلیسی ئەڵمانیا دەڵێت زۆربەی ناڕەزایەتییەکان ئاشتییانە بوون، بەڵام لە پەراوێزی هەندێک لە گردبوونەوەکاندا پێکدادانیش ڕووی داوە.
لە دەرەوەی ئەورووپاش ناڕەزایەتیی هاوشێوە لە زۆربەی شارەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا و ئیستانبووڵ بەڕێوە چوو.
کوردەکان گەورەترین کەمینەی بێ دەوڵەتن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و ژمارەیان نزیکەی ٣٠ بۆ ٤٠ ملیۆن کەسە کە بەزۆری لە تورکیا، سووریا، عێراق و ئێران دابەش بوون. لە سووریادا، کوردەکان لە ساڵی ٢٠١١ـەوە ڕۆڵێکی سەرەکییان لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا گێڕاوە و ناوچەیەکی خۆبەڕێوەبەر بە ناوی ڕۆژاوا بەڕێوە دەبەن. پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی دیمەشق هەمیشە پڕگرژی بووە و لەم دوایییەشدا بە پێشڕەویی سوپای سووریا بەرەو ناوچە کوردییەکان، پێکدادانەکان پەرەیان سەندووە.
بەپێی زانیارییەکانی پلاتفۆرمی کۆچبەریی “مێدیندیست ئینتیگراسیۆن”، نزیکەی ١.٣ ملیۆن کورد لە ئەڵمانیا دەژین کە گەورەترین کۆمەڵگەی کوردییە لە ئەورووپادا. زۆربەیان خەڵکی باکووری کوردستانن (تورکیا)، بەڵام ژمارەیەکیشیان لە سووریا، عێراق و ئێرانەوە کۆچیان بۆ ئەم وڵاتە کردووە.

