زنجیرەی فەنتازیا و خەیاڵی زانستی “Stranger Things” لە دوا وەرزی خۆیدا کە سەری ساڵی ڕابردوو کۆتایی هات، ژمارەیەکی پێوانەیی لە بینین تۆمار کرد.
بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی “نیڵسن”، زنجیرەکە تەنیا لە هەفتەی ٢٢ تا ٢٨ی کانوونی یەکەم، ٦.٨٩ ملیار خولەک بینراوە، ئەمەش سێیەم بەرزترین ڕێژەی بینینی هەفتانەیە لە مێژووی پلاتفۆرمەکاندا. لە مانگی کانوونی یەکەمدا، کۆی گشتی بینینەکان ١٥ ملیار خولەکی تێپەڕاندووە.
لە لایەکی ترەوە، ئەڵقەی کۆتایی زنجیرەکە داهاتێکی خەیاڵی لە سینەماکاندا کۆکردەوە. بەهۆی ڕێگرییە یاساییەکان لە فرۆشتنی بلیتی ڕاستەوخۆ، سینەماکان پەنایان بۆ فرۆشتنی “کۆپۆنی خواردن و خواردنەوە” برد کە نرخەکەی ٢٠ دۆلار بوو بۆ هەر کورسییەک.
تەنیا زنجیرە سینەماکانی AMC بڕی ١٥ ملیۆن دۆلاریان لە ڕێگەی ٧٥٣ هەزار بینەرەوە بەدەستهێنا. کۆی گشتی داهاتی فرۆشی خواردن و خواردنەوە لە شەوی سەری ساڵدا گەیشتە نزیکەی ٣٠ ملیۆن دۆلار، ئەمەش سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ نێتفلێکس لە دەرەوەی جیهانی دیجیتاڵی.

