شارەوانی ئاشكرای دەكات، سیمای ناڕێکی بەشێک لە دووکانداران و کاسبکاران لە سەنتەری شار ڕێکدەخرێنەوەو ڕێگری لە دروستکردنی ئاستەنگی هاتووچۆ دەکرێت.
ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر، بڵاوی كردەوە: “ئەمڕۆ سێشەممە 3ی2ی 2026، لەلایەن تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی یەک، بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی هەڵسان بە هەڵمەتێکی فراوانی لادانی زێدەڕۆیی و ڕێکخستنەوەی بازاڕی شێخەڵڵاو بازاڕی سوورچیان و شەقامی سیروان و دووکاندارانی چواردەوری قەڵات.”
ئاماژەی بەوەش داوە: ” ئامانجی كارەكە جوانترکردنی سیمای شار و کەمکردنەوە و نەهێشتنی بەربەستی هاتووچۆیە بۆ هاووڵاتیان و شوفێران لە سەنتەری شاری هەولێردا.”
جەختیش كراوەتەوە، تیمەكانی شارەوانی لە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی بەردەوام دەین لە رێكخستنەوەی بازاڕەكان. دەشڵێت: ” سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوونەکان و ڕێکخستنەوەی بازاڕ و شوێنە گشتیەکان.”

