zagros news agency

هەڵبژاردنەکانی کۆنگرەی ئەمریکا؛ دیموکراتەکان هیوایان بە سەرکەوتن بەسەر کۆمارییەکان هەیە

 

هەڵبژاردنەکانی نیوەی وادەی کۆنگرەی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە، ١٢ی خەزەڵوەر (٣ی تشرینی دووەم) بەڕێوەدەچێت. سەرجەم ٤٣٥ کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەران و ٣٥ کورسی لە کۆی ١٠٠ کورسیی ئەنجوومەنی پیران دەخرێنە دەنگدانەوە. کۆمارییەکان لە ئێستادا لە هەردوو ئەنجوومەنەکەدا زۆرینەیان هەیە.

دیموکراتەکان هیوادارن کۆنترۆڵی هەردوو ئەنجوومەنی کۆنگرە لە کۆمارییەکان وەربگرنەوە بۆ ئەوەی لە نیوەی دووەمی دووەمین خولی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا، دەسەڵات و توانای کارکردنی سنووردار بکەن. دیموکراتەکان لە ئەگەری سەرکەوتندا دەتوانن پەسەندکردنی سەرچاوە داراییە نوێیەکان لە کۆنگرەدا ڕابگرن و لیژنەکانی لێکۆڵینەوە پێکبهێنن. ترەمپیش لە بەرانبەردا دەتوانێت بە بەردەوامی پڕۆژەکانی دیموکراتەکان ڤیتۆ بکات.

شارەزایان ئەگەری ئەوە دەدەن دیموکراتەکان کورسیی زیاتر بەدەستبهێنن، چونکە بە گوتەی ئەوان زۆرێک لە دەنگدەران لە سیاسەتەکانی ترەمپ، زیادبوونی تێچووی ژیان و شەڕ لەگەڵ ئێران ناڕازین.

یەکەمین ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بە ئەگەری زۆرەوە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی تشرینی دووەم ڕادەگەیەنرێن. ئەگەر ڕکابەرییەکە توند و نزیک بێت، دیاریکردنی حیزبی براوە لە ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران ڕەنگە چەند ڕۆژێک بخایەنێت.

ئەم هەڵبژاردنە تاقیکردنەوەیەکە بۆ پێوانەکردنی ڕێژەی ڕەزامەندیی خەڵک لەسەر کارکردنی حکوومەتی ترەمپ.

بڕیارە لە ٣٦ ویلایەتیشدا پارێزگاری نوێ هەڵبژێردرێن. دەنگدەران لە کالیفۆرنیا هەروەها بڕیار لەسەر سەپاندنی باج لەسەر داهاتی دەوڵەمەندان دەدەن و هاووڵاتییانی ویلایەتی ئایداهۆ و سێ ویلایەتی تر دەنگ لەسەر ڕێساکانی لەباربردنی کۆرپەلە دەدەن.

کلوڤەر ئاشبروک، شارەزای کاروباری ئەمریکا لە “دامەزراوەی بێرتێلزمان” بە پشتبەستن بە نوێترین ڕاپرسییەکان، سەرکەوتنی دیموکراتەکانی لە ئەنجوومەنی نوێنەران بە ئەگەرێکی زۆر زانیوە. ئەو لە گوتووێژێکدا لەگەڵ ڕادیۆی سەرتاسەری ئەڵمانیا “دۆیچلاندفونک” گوتوویەتی ڕکابەرییەکە لەسەر کورسییەکانی ئەنجوومەنی پیران زۆر توند دەبێت و ئەنجامەکەی بە ئەگەری زۆرەوە تەنیا دوای ژماردنی دوا دەنگەکان دیاری دەکرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

به‌شدار بازیانی بۆ زاگرۆس: یەکخەرانی سوپای کوردستان ئەرکێکی مێژوییان لە ئەستۆدایە سەرکەوتنیان شانازیە

سەڵاح

پەرلەمانتارێکی پارتی بۆ زاگرۆس: دەبێت سەروەری عێراق بەکردار بسەلمێنرێت نەک بەدروشم

یاسین

کۆمپانیای گۆگل ژیری دەستکردی Gemini کردە خۆرایی

یاسین