zagros news agency

کچێکی ئەمریکایی بە تەنیا و بە سەوڵلێدان زەریای ئەتڵەسی بڕی

 

تارین سمیس، کچە وەرزشوانێکی تەمەن ٢٥ ساڵانی ئەمریکایییە، دوای ئەوەی توانی بە تەنیا و بە سەوڵلێدان زەریای ئەتڵەسی ببڕێت، ناوی چووە نێو کتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەکان؛ چونکە یەکەم ژنە لە مێژوودا کارێکی لەو شێوەیە بکات.

ئەو ماوەیەی تارین سمیس بە سەوڵلێدان بڕیویەتی، چوار هەزار و ٨٣٠ کیلۆمەترە، واتە لەم سەر بۆ ئەو سەری زەریای ئەتڵەسی. گەشتەکەی لە ١٤ی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە لە کەناراوەکانی ئیسپانیا دەستی پێ کرد و ئەمڕۆ گەیشتە دوورگەکانی دەریای کاریبی و بەدیاریکراوی ناوچەی ئەنتیگوا.

ئەو کچە وەرزشوانە ڕۆژانە نزیکەی ٢٠ کیلۆمەتری بە سەوڵلێدان بڕیوە و خۆراکی سەرەکییشی بریتی بووە لە ماسی و خواردنی لەقوتوونراو، ناو بە ناویش خواردن و خواردنەوەی لە کەشتییەکانی دیکە وەرگرتووە.

تارین لە دوای تەواوبوونی گەشتەکەی، کە بەشێک لە دەموچاوی بەهۆی تیشکی خۆرەوە سووتاوە، دەڵێت: “هەرگیز هێندەی ئەم گەشتە هەستم بە تەنیایی نەکردووە، بەڵام سوپاسی بنەماڵەکەم دەکەم کە هاوکارییان کردم تا لەم ئاڵنگارییەدا سەرکەوتوو بم”.

هەواڵی پەیوەندیدار

ب هه‌لكه‌فتا روژا جیهانی یا ژینگه‌هێ سمپوسیومه‌كێ زانستی و ئه‌كادیمی هاته‌ ئه‌نجامدان

سەڵاح

بەرێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان ئاگادارییه‌كی سه‌باره‌ت به‌ غازی ماڵان بڵاو كرده‌وه‌

سەڵاح

هێرشێک بۆ سەر بنکەی حمیمیم لە لازیقیە: دوو سەربازی ڕووسی و سێ چەکداری ئۆزبەکی کوژران

یاسین