zagros news agency

ئەمریکا گرێبەستێکی 90 ملیۆن دۆلاری بۆ پشتیوانیی ژێرخانی ئەمنیی عێراق پەسەند کرد

 

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، کە ڕەزامەندی لەسەر گرێبەستێکی سەربازی بە بەهای 90 ملیۆن دۆلار بۆ پشتیوانیکردنی ژێرخانی ئەمنیی عێراق داوە. گرێبەستەکە تایبەتە بە فراوانکردنی پشتیوانی لۆجستی و چاککردنەوەی سیستەمەکانی پشکنینی ئۆتۆمبێل لە خاڵە سنوورییەکانی عێراقدا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕەزامەندی لەسەر فرۆشتنێکی سەربازیی دەرەکی بە عێراق دەربڕی، کە بەهاکەی دەگاتە 90 ملیۆن دۆلار و ئامانج لێی بەهێزکردنی توانای عێراقە لە پاراستنی سنوورەکانیدا.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە ماڵپەڕی “Army Technology” بڵاوکراوەتەوە، ئاژانسی هاریکاریی ئاسایشی بەرگریی ئەمریکا کۆنگرێسی لەم ڕێککەوتنە ئاگادارکردووەتەوە. گرێبەستەکە تایبەتە بە دابینکردنی پشتیوانی لۆجستی بۆ سیستەمەکانی پشکنینی ئۆتۆمبێل، ناسراو بە “VACIS XPL”، کە لە خاڵە سنوورییەکانی عێراقدا جێگیرکراون.

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە حکومەتی عێراق داوای کردبوو ماوەی گرێبەستی خزمەتگوزارییە لۆجستییەکانی ئەم سیستەمانە بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە درێژبکرێتەوە، سیستەمەکانی “VACIS XPL” توانای پشکنینی ئۆتۆمبێلیان هەیە بۆ دۆزینەوەی چەک، ماددەی کیمیایی، بایۆلۆجی، ئەتۆمی، ماددە هۆشبەرەکان و هەر جۆرە کاڵایەکی قاچاخ.

گرێبەستە نوێیەکە خزمەتگوزارییەکانی وەک چاککردنەوە و چاودێری 24 کاتژمێری، دابینکردنی پارچەی یەدەگ، نوێکردنەوەی نەرمەکاڵا و توانای چاودێری لە دوورەوە لەخۆدەگرێت، هەروەها کۆمپانیای “لایدۆس” وەک بەڵێندەری سەرەکی بۆ جێبەجێکردنی کارە ئەندازیاری و تەکنیکییەکانی پڕۆژەکە دەستنیشان کراوە.

بەرپرسانی ئەمریکا جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم گرێبەستە لەگەڵ ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان یەکدەگرێتەوە، چونکە توانای عێراق وەک “وڵاتێکی هاوبەش” بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکان و بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەهێزتر دەکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

خشتەی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئاماده‌یی بڵاوکرایەوە

سەڵاح

ڕاگەیەنراوێک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێرەوە بۆ ڕای گشتی و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان

سەڵاح

٢٥ وڵات، لەنێویاندا بەریتانیا و فەڕەنسا، داوای ڕاگرتنی دەمودەستی شەڕی غەززە دەکەن

یاسین