ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی شوبات، پاکستان ڕایگەیاند هێرشی کردووەتە سەر چەند ئامانجێکی چەکداران لە ناو خاکی ئەفغانستان. ئیسلام ئاباد ئەو چەکدارانەی بە ئەنجامدانی تەقینەوە خۆکوژییەکانی ئەم دوایییە تۆمەتبار کردووە و ڕایگەیاندووە حەوت حەشارگەی “تالیبانی پاکستان” و چەکدارانی داعشیان کردووەتە ئامانج.
لەلایەکی دیکەوە، حکوومەتی تالیبان بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە هێرشە ئاسمانییەکانی پاکستاندا بۆ سەر پارێزگاکانی پکتیکا و نەنەگەرهار، دەیان ژن و منداڵ کوژراون و بریندار بوون. ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوە داوە کە ناتوانێت سەربەخۆ ئەو زانیارییانە پشتڕاست بکاتەوە.
وەزارەتی بەرگریی تالیبان هەڕەشەی کردووە لە کاتی گونجاودا وەڵامی ئەو هێرشانە دەداتەوە. ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بە ناوبژیوانیی سعودیە، کابل سێ سەربازی پاکستانیی ئازاد کردبوو بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییە سنوورییەکان.

