لەسەر ڕاسپاردەی حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ خەلیل عەبدوڵڵا، بەڕێوبەری گشتیی دیوان و دەلیل جەمال، بەڕێوبەری نووسینگەی وەزیر و نامق هەورامی بەڕێوبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەت پێشوازیان لە شاندێکی فیدراسیۆنی ڕێکخراوی جیهانیی کورد کرد.
شاندەکەی فیدراسیۆنی ڕێکخراوی جیهانیی کورد پێکهاتبوو لە ڕێباز نەجم، سەرۆکی فیدراسیۆنەکە و ژمارەیەک لە ئەندامانی فیدراسیۆن و بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەماهەنگی نێوان وەزارەت و فیدراسیۆنەکەیان سەردانی دیوانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانیان کردبوو.
لە دیدارێکدا، گفتوگۆ لە بارەی هەماهەنگی نێوان وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و فیدراسیۆنەکە کرا بۆ سەرخستنی پڕۆژە کولتووریی و فەرهەنگییەکانی فیدراسیۆنەکە لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
لەو چوارچێوەیەدا، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ئامادەیی خۆی بۆ هەر جۆرە هاوکاری و هەماهەنگییەکی فیدراسیۆنەکە دووپاتکردەوە لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری ڕۆشنبیری و هونەری کوردی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات و هیوای سەرکەوتنی بۆ کار و پڕۆژەکانی ڕێکخراوەکە خواست.

