سەرەڕای پەرەسەندنی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرهەڵدانی شەڕ، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ جەخت لەوە دەکاتەوە کە مۆندیالی 2026 لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا 11ی حوزەیران تا 19ی تەممووز لە هەریەکە لە وڵاتانی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا بەڕێوەدەچێت.
هایمۆ شێرگی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کارەکانی فیفا، ڕایگەیاند کە مۆندیال ڕووداوێکی یەکجار گەورەیە و دواخستنی مەحاڵە، ئاماژەشی بەوە کرد کە فیفا ڕۆژانە چاودێری دۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە دەکات بۆ پاراستنی سەلامەتی هەڵبژاردەکان.
یەکێک لە تەوەرە گەرمەکانی ئێستا، ئەگەری کشانەوەی هەڵبژاردەی ئێرانە لە پاڵەوانێتییەکە بەهۆی دۆخی سیاسی و سەربازییەوە
هەرچەندە ئێران لە کۆمەڵەی حەوتەمدایە، بەڵام بەپێی یاساکانی فیفا، کشانەوە لە دوای تیروپشک سزای توندی دارایی و وەرزشی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، کە ڕەنگە سزاکەی بگاتە 555 هەزار یۆرۆ و بێبەشکردنی لە پاڵەوانێتییەکانی داهاتوو.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و ئەمریکا لە قۆناغەکانی کۆتاییدا هەیە، کە ئەمە ڕەهەندێکی سیاسیی قووڵ دەبەخشێتە یارییەکە، بەتایبەت لە سایەی سنووردارکردنی گەشتکردن بۆ هاووڵاتیانی ئێرانی لەلایەن ئیدارەی ترهمپەوە، هەرچەندە وەرزشوانان لەو بڕیارە بەدەر کراون.
ئێستا فیفا هەوڵ دەدات هاوسەنگییەک لە نێوان پاراستنی یارییەکە و ئەو ئاڵۆزییە نێودەوڵەتییانەدا دروست بکات کە بەرۆکی جیهانی وەرزشی گرتووە

