لە گوندێكی سەر بە ناحیەی كۆكسی سنووری قەزای كفری، دوو كەسی دەمامكدار، ڕێ لە شوانێک دەگرن و بە زۆر مەڕێكی لێ دەبەن و دواتر ڤیدیۆشی پێ تۆمار دەكەن، كە بڵێ ئەوە دەزكاتە پێیان دەدات.
لەمبارەیەوە، ساڵح محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی كۆكس بە میدیاكانی ڕاگەیاند: “ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، مەردان حەیدەر، كە شوانكارە و دانیشتووی گوندی پیرەفەقیرە لە ناحیەی كۆكس لە سنووری قەزای كفری، لە نزیک گوندەکەی خۆیان، مەڕوماڵاتەكەی لەوەڕاندووە، ئۆتۆمبێلێكی جۆری پیكاب، كە دوو كەسی دەمامكداری تێدا بووە، ڕێگرییان لەو شوانە كردووە و دواتر دەستبەسەریان كردووە و بۆ ترساندنیشی چەند فیشەكێكیشیان بەسەریدا تەقاندووە.”
گوتیشی: “دوای گرتنی، بە مەردانی حەیدەری شوانكارە دەڵێن، لەناو ڕانەمەڕەكەتدا، كام مەڕە زۆر باشە، بیهێنە. ناچاری دەكەن، مەڕێكی باشیان بۆ بهێنێ، پاشان ڤیدیۆی پێ تۆمار دەكەن و پێی دەڵێن، بڵێ، ئەو مەڕە زەكاتە و بە ئێوەی دەدەم.”
ڕوونیشی كردەوە، كە ئەو دوو دزە، بۆ نەناسینەوەیان، تابلۆی ئۆتۆمبێلەكەیان بە قوڕ داپۆشیبوو، دوای وەرگرتن و بردنی مەڕەكەش لەو شوانە، ئەو دوو كەسە بەرەو ڕێگای كفری ڕۆیشتوون.
باسی لەوەش كرد، كە ئەو شوانە لە پۆلیسی ناحیەی كۆكس، گوتویەتی، ئەو كەسانە ناناسێتەوە، بەڵام سكاڵای یاسایی تۆمار كردووە و ئێستاش پۆلیس لێكۆڵینەوەی لەو ڕووداوە دەست پێكردووە، بۆ ئەوەی تۆمەتباران بدۆزێتەوە و هەقی ئەو شوانە وەربگرنەوە.

