zagros news agency

سوودانی: ڕووبەڕووی پێشێلکارییەکانی ئەمریکا و ئێران دەبینەوە

 

محەمەد شیاع سوودانی جەختی لەوە کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بە بەردەوامی ئاسمانی عێراق پێشێل دەکەن، ئاماژەی بەوەش کرد کە واشنتن لە پشت بۆردومانکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبییەوەیە لە وڵاتدا.

سوودانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “کۆریێری دێلا سێرا”ی ئیتاڵی ڕایگەیاند: “هیچ مەترسییەک لەسەر عێراق نییە سەبارەت بە جەنگی ناوخۆیی یان گەڕانەوەی تیرۆر، تەنها هەندێک شانەی سنووردار هەن کە ڕاوەدوو دەنرێن، بەڵام کێشەی ئێستا پێشێلکردنی ئاسمانی عێراقە لەلایەن فڕۆکە ئەمریکییەکان و موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانەوە.”

خاڵە گرنگەکانی لێدوانەکەی سودانی:

سودانی ئاماژەی بەوە کرد کە “ویلایەتە یەکگرتووەکان هێزەکانی حەشدی شەعبی پێکاوە و بووەتە هۆی شەهید و برینداربوون، ئەمەش کارێکی بە توندی شەرمەزارکراوە.”

ڕایگەیاند کە “ئیسرائیل ئاگری جەنگ خۆش دەکات و دەبێتە هۆی کارەسات و یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبەزێنێت، عێراقیش بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێری پەرەسەندنەکان دەکات.”

سوودانی وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان جەختی کردەوە کە بەغدا دەیەوێت خۆی لە پەلکێشکردن بۆ ناو هەر ململانێیەک بپارێزێت و ناهێڵێت وڵات ببێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی حساباتی نێوان هێزە جیاوازەکان.

ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەت کار بۆ چەسپاندنی سەقامگیری ناوخۆیی دەکات و دەڵێت: “پەیوەندی باشمان لەگەڵ ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان هەیە، ئەمەش وامان لێدەکات بتوانین ڕۆڵی ناوبژیوان بگێڕین بۆ لێکنزیککردنەوەی دیدگای لایەنە ناکۆکەکان.”

هەواڵی پەیوەندیدار

وەزیری دەرەوەی ئێران: ناوچەکە لە حاڵەتی ئامادەباشی دایە

یاسین

به‌وێنه‌… پابەندبوونی دانیشتوانی پایتەختی هەرێمی کوردستان بە قەدەغەی هاتوچۆ و بەشداریکردن لە سەرژمێریی گشتی

سەڵاح

بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی پەمپی ئاوهەڵکێشان لە تاران

یاسین