zagros news agency

بەیاننامەیەک لە فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان

 

 

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی زنجیرە هێرشە تێرۆریستی و دوژمنکارییە بەردەوامەکان دەکەین کە دەکرێنە سەر دانیشتوان و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان.

دەقی راگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان

 

بە توندترین شێوە سەرکۆنەی زنجیرە هێرشە تێرۆریستی و دوژمنکارییە بەردەوامەکان دەکەین کە دەکرێنە سەر دانیشتوان و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان. دوایینیان ئەو پەلامارە دوژمنکارانەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یە، کە لەلایەن ئێران بە مووشەک هێرش کرایە سەر بنکە و بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

 

ئاشکرایە کە ​هێزی پێشمەرگەی کوردستان  هێزێکی یاساییە و لە چوارچێوەی دەستور و یاساكاندا  كاروبارەكانی ئەنجام دەدات ،  هێزێكە بەپێی یاساو ڕێسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتە ئاشتی پارێزییەکانی هەرێمی کوردستان ڕەفتاری کردووە و فاکتەر و پارێزەری ئاسایش و سەقامگیری بووە ، هیچ كاتێك هەڕەشە و مەترسی نەبوە بۆسەر هیچ لایەك ، بەتایبەتی دراوسێكانی هەرێمی كوردستان ،  بۆیە پەلاماردانی بەم شێوەیە پێشێلکاریەکی زەقی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقە و پێچەوانەی هەموو بنەماکانی دراوسێیەتی باش و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانە ، بەتایبەت کە هەرێمی کوردستان پەیڕەوی لە بێلایەنیی لەشەڕ و کێشەکانی ناوچەکەدا کردووە و هەمیشە خوازیاری ئاشتی و پێکەوەژیانە و دژی هەر جۆرە توندوتیژییەکە.

 

​لێرەوە داوا لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق دەکەین کە بەرپرسیارێتی دەستوریی خۆی هەڵبگرێت و لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسی و فەرمییەکانەوە هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی هەبێت بۆ پاراستنی سەروەریی وڵات و گیانی هاووڵاتییان و هێزە پارێزەرەكانی  ئاشتی و ئاسایشی وڵات . هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین ڕۆڵی کارای خۆیان ببینن بۆ دانانی سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکاریە بەردەوامانە .

 

​هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری سەقامگیریی بووە ، ویست و ئیرادەی خەڵکەکەمان بۆ ئاشتی و ئارامی  لە هەموو دەستدرێژییەک بەهێزترە و بەم جۆرە پەلامارە نامەردانانە ناشكێت و پاشەکشە ناکات.

 

پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی ئەو شەش پێشمەرگە تێکۆشەرە دەکەین کە ئەمڕۆ چوونە کاروانی نەمرییەوە ، هەروەها سەری ڕێز و نەوازش بۆ سەرجەم شەهیدانی هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و هێزە ناوخۆییەکان دادەنەوێنین کە لە هێرشەکانی ئەم دواییانەدا گیانیان بەخشی ، هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.

 

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان

لەپەرلەمانی كوردستان

24ـی 3ـی 2026

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار

زانکۆی ئاکرێ پێویستی بە 137 فەرمانبەر هەیە

یاسین

ماکرۆن بۆ ترەمپ: لەسەر سووریا هاوڕاین و دەتوانین کارێکی گەورە لەسەر ئێران بکەین

سەڵاح

هەڕەشەیەکی نوێی ئەمریکا بۆ سەر عێراق له‌باره‌ى یاسای حەشدی شەعبییه‌وه‌

سەڵاح