سەرچاوەیەکی ئەمنی، ئێوارەی سێشەممە ڕایگەیاند کە دەزگا ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە لە ڕووداوی بێسەروشوێنبوونی ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکی لە ناوەڕاستی بەغدای پایتەخت.
سەرچاوەکە بە شەفەق نیوزی ڕاگەیاندووە: ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی “شێڵی کێتلۆسۆن” (Shelly Kittleson) لە نزیک هۆتێل فەلەستین لە شەقامی سەعدون بێسەروشوێن بووە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنی گەڕانیان بۆ دۆزینەوەی دەستپێکردووە.
هەروەها وتیشی: دەزگا ئەمنییەکان لێکۆڵینەوە دەکەن بۆ زانینی وردەکارییەکانی ڕووداوەکە، هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی پڕۆسەی گەڕان لە ناوچەکەدا.
کێتلۆسۆن چەندین ساڵە لە بەغداوە کار دەکات و ڕاپۆرتی بۆ دەزگا گەورەکانی وەک (Al-Monitor، The National، Foreign Policy) ئامادە کردووە و تیشک دەخاتە سەر دۆسیەی گروپە چەکدارەکان، پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق و گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی ناوچەکە.
کێتلۆسۆن بە ڕووماڵە مەیدانییەکانی و شیکارییە قووڵەکانی دەربارەی دۆخی سیاسی و سەربازیی عێراق ناسراوە.

