zagros news agency

‎سەرۆککۆماری لوبنان ئاماری قوربانیانی وڵاتەکەی ‎بڵاوکردەوە

جۆزێف عۆن، سەرۆککۆماری لوبنان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 5-4-2026، نوێترین ئاماری زیانە مرۆیی و ماددییەکانی وڵاتەکەی لە ئەنجامی شەڕی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، تا ئێستا هەزار و 400 کەس کوژراون و چوار هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.

سەرۆککۆماری لوبنان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “جگە لە کوژراو و بریندارەکان، ملیۆنێک و 200 هەزار کەس ئاوارە بوون و هەزاران خانوو و یەکەی نیشتەجێبوون لە سەرتاسەری وڵاتدا وێران کراون.”

جۆزێف عۆن بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی کرد و تەلئەڤیڤی تۆمەتبار کرد بەوەی کە “ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان و ڕێککەوتننامەکانی ژنێف ناگرێت”، ناوبراو هۆشداریشی دا و گوتی: “ئیسرائیل دەیەوێت ئەوەی لە غەززە ئەنجامی دا، لە باشووری لوبنانیش دووبارەی بکاتەوە، ئەرکی دەسەڵاتدارانی وڵاتیشە ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتە بکەن.”

لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆککۆماری لوبنان پاراستنی ئاشتیی ناوخۆیی و پێکەوەژیانی بە “هێڵی سوور” ناوبرد و ڕایگەیاند، نانەوەی فیتنەی تائیفی و مەزهەبی تەنیا خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل دەکات. جەختیشی کردەوە کە “هێزە ئەمنی و سەربازییەکان لەوپەڕی ئامادەییدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر کەسێک کە بیەوێت یاری بە ئاشتی و سەقامگیریی ناوخۆیی وڵات بکات.”

هەواڵی پەیوەندیدار

بەڕێوه‌بەری لقێكی بانکی ڕافیدەین لە ئەنبار دەستگر کرا

سەڵاح

دیمەشق فرۆشتنی خواردنەوە کحولیەکان قەدەغە دەکات

سەڵاح

سەرۆکی حکومەت لەگەڵ ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی ھاریکاری وڵاتانی کەنداو کۆبووەوە

یاسین