تابلۆی “گێرنیکا” کە شاکارێکی جیهانی پابلۆ پیکاسۆیە، بووەتە تەوەری سەرەکی مشتومڕێکی سیاسی لە ئیسپانیا.
سەرکردەکانی هەرێمی باسک داوا لە حکومەتی مەدرید دەکەن تابلۆکە بگەڕێنرێتەوە بۆ ناوچەکەیان، کە هونەرمەندەکە ئیلهامی لە بۆردوومانکردنی ئەوێ لە 1937 وەرگرتووە.
ئیمانۆل برادالیس، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی باسک، پێشنیاری کردووە تابلۆکە لە مۆزەخانەی گۆگنهایم بیلباو نمایش بکرێت بۆ یادی 90 ساڵەی بۆردوومانکردنی شارۆچکەکە لە لایەن هێزە فاشیستەکانەوە.
تابلۆکە لە 1992ـەوە لە مۆزەخانەی شاژنە سۆفیا لە مەدریدە و ساڵانە زیاتر لە 1.6 ملیۆن کەس دەیبینن. مۆزەخانەکە لە ڕاپۆرتێکی تەکنیکیدا هۆشداری داوە کە تابلۆکە زۆر ناسکە و تەنیا یەک جوڵەی نادروست مەترسی لەناوچوونی لەسەر دروست دەکات.
بێدڕۆ سانچێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا، دۆسیەکەی سپاردووە بە وەزارەتی ڕۆشنبیری، بەڵام بەرپرسانی مەدرید ئەم داوایە بە “تەسکبینی” ناودەبەن. پیکاسۆ پێش مردنی لە 1973، مەرجی دانابوو کە تابلۆکە تەنیا کاتێک بگەڕێتەوە ئیسپانیا کە دیموکراسی جێگیر بێت، بۆیە لە 1981 لە ئەمریکاوە گەڕێنرایەوە.

