بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە هونەرمەندان، ڕۆشنبیران و هەوادارانی هونەر، ئەمڕۆ سێشەممە ٥ی ئایاری ٢٠٢٦، رێوڕەسمی چلەی ماتەمینی هونەرمەند، نووسەر و پێشمەرگە، مەهدی ئومێد، لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت.
ئەم یادە لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر (بەشی سینەما) و سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان – لقی هەولێر، بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەولێر ڕێکخراوە.
رێوڕەسمەکە لەسەر گڵکۆی هونەرمەند لە گۆڕستانی کەسنەزان (بلۆکی ١١) بەڕێوەدەچێت، وەک هێمایەک بۆ وەفاداری بەرامبەر بە خزمەتە درێژخایەنەکانی ئەم تێکۆشەرە لە بوارەکانی هونەر و نیشتمانپەروەریدا.
هونەرمەند مەهدی ئومێد ئەو وەک یەکێک لە پێشەنگ و دامەزرێنەرانی هونەری سینەما لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت. بە کارە بوێرەکانی توانی بناغەیەکی ئەکادیمی و هونەری بۆ سینەمای کوردی دابڕێژێت.
خاوەنی چەندین دەق و نووسینی گرنگ بوو لەسەر تیۆرییەکانی سینەما و ئەدەبیات، کە سوودێکی زۆریان بە نەوەی نوێی هونەرمەندان گەیاندووە.
لە سەردەمی خەباتی شاخدا، وەک پێشمەرگەیەکی هونەرمەند، تواناکانی خۆی بۆ خزمەتی دۆزی ڕەوای گەلەکەی تەرخان کردبوو و لە ڕێگەی کامێراکەیەوە دەنگی کوردی بە جیهان دەگەیاند.
فیلمی “تونێل” یەکێکە لە دیارترین کارە سینەماییەکانی کە لە مێژووی هونەری کوردیدا وەک وەرچەرخانێک دەبینرێت.

