”هه‌موو وه‌زیره گرنگه‌كانی توركیای بانگهێشتی كۆبوونه‌وه‌كه كردبوو“
به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان، باس له گرنگیی سه‌ردانی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هەرێمی كوردستان ده‌كات بۆ توركیا و ئاماژه به‌وه ده‌كات، كاتی سه‌ردانه‌كه زۆر گرنگ بوو، چونكه ناوچه‌كه به‌ره‌و قۆناغێكی ئاڵۆز ده‌ڕوات، جیاله‌وه‌ش، شێوه‌ی پرۆتۆكۆل و ئاستی پێشوازییه‌كه زۆر بەرز و گرنگ بوو.
هۆشیار سیوه‌یلی، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی، سەبارەت بە سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كۆماری توركیا، بۆ ئاژانسی زاگرۆس گوتی: ”سه‌ردانه‌كه زۆر گرنگ بوو، توركیا وڵاتێكی گرنگه بۆ هه‌رێمی كوردستان و بۆ ناوچه‌كه، هه‌ڵوێست و بڕیاره‌كانی رۆڵ و كاریگه‌ریی خۆیان هه‌یه، په‌یوه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان و توركیا دروست و بنیاتنه‌رانەن، ئەو په‌یوه‌ندییانە له رووی ئه‌منی و ئابووری و سیاسییه‌وه به‌رده‌وامن و ئه‌م سه‌ردانه‌ی مه‌سرور بارزانی په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌باته قۆناغێكی دیكه‌وه، چونكه رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و عێراق و كوردستان به قۆناغێكی گرنگدا تێده‌په‌ڕن، ئەویش بەهۆی ئه‌و جه‌نگه‌ی له‌نێوان ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریكادا هه‌یه، له‌لایه‌كی دیكەوە كاریگه‌ریی ئه‌و جه‌نگه له‌سه‌ر عێراق.“
گوتیشی: ”ئه‌وه‌ی لەو سەردانەدا گرنگ بوو، شێوازی پێشوازیكردن بوو له سه‌رۆكی حكوومه‌تی هەرێمی كوردستان به‌و ئاسته باڵایە له‌لایه‌ن سه‌رۆكی توركیاوه، له پرۆتۆكۆڵی پێشوازیكردن سه‌رۆكی توركیا زۆر به‌تایبه‌ت پێشوازیی له سه‌رۆكی حكوومه‌تی هەرێمی كوردستان كرد، ئه‌وه‌ی جێگای تێڕامان بوو له كاتی كۆبوونه‌وه‌كه كەسایەتییە گرنگه‌كانی توركیا ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌كه بوون، وه‌زیری ده‌ره‌وه و وەزیری به‌رگری و وه‌زیری وزه و به‌رپرسی هه‌واڵگریی توركیا ئامادە بوون، جگه له‌وه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هەرێمی كوردستان به‌جیا له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌كێك له‌و وه‌زیرانه كۆ بووەوە و باسی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندیی وزه‌ی و باسی پرۆسه‌ی ئاشتیی كردووه.“
به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی، ئه‌وه‌شی خسته روو: ”به‌شێكی دیكه‌ی بابه‌تی گفتوگۆكان پرسی جه‌نگ بووه كه كوردستان به‌ناڕه‌وا له‌لایه‌ن گرووپه چه‌كداره‌كانه‌وه كراوه‌ته‌وه ئامانج، ئه‌ردۆغان و وه‌زیره‌كان پشتیوانیی كوردستانیان كردووه، جارێكی دیكه ئه‌م سه‌ردانه جه‌ختكردنه‌وه بووه له‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان پێگه‌یه‌كی گرنگی هه‌یه و توركیا رۆڵی راسته‌وخۆی هه‌یه له سووریا له‌سه‌ر رووداوه‌كانی رۆژئاوای كوردستان، هەروەها ئێستا پرۆژەیه‌ك له‌نێوان عێراق و توركیادا هه‌یه كه رێگای گه‌شه‌یه و یه‌كێك له ته‌وه‌ره‌كان ئه‌مه بووه، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك بابه‌تی دیكە كه په‌یوه‌ندییان به به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ردوولاوه هه‌یه.“

