وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی گومانلێکراو یان تووشبوون بە ڤایرۆسی “هانتا” لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە، بەڵام تیمەکانیان لە چاودێرییەکی وردی دۆخەکەدان و رێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر.
ئەمڕۆ دووشەممە، 11ـی ئایاری 2026، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا تیشکی خستە سەر مەترسییەکانی ڤایرۆسی “هانتا” (Hantavirus) و رایگەیاند، لە هەفتەی ڕابردووەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) بە وردی بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەن.
ڤایرۆسی هانتا چییە و چۆن دەگوازرێتەوە؟
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی، ڤایرۆسی هانتا نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی گواستراوەیە کە لە ڕێگەی قرتێنەرە تووشبووەکان (وەک مشک و جرج) یان دەرهاویشتەکانیانەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ. هەوکردنەکە زیاتر لە ڕێگەی هەڵمژینی ئەو تۆز و خۆڵە ڕوودەدات کە بە پاشماوەی قرتێنەرەکان پیس بووە، بەتایبەتی لەو شوێنانەی داخراون و هەواگۆڕکێیان خراپە.
نیشانەکان و ڕێژەی مردن
وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە کردووە کە نیشانەکانی تووشبوون بریتین لە:
تا و ماندووبوونی زۆر.
سەرئێشە و ئازاری ماسولکەکان.
ئازاری سک و ڕشانەوە.
لە حاڵەتە توندەکاندا: کۆکە و تەنگەنەفەسیی توند.
هەروەها هۆشداری دەدات کە بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە لەنێوان 10 بۆ زیاتر لە 100 هەزار حاڵەت لە جیهاندا تۆمار دەکرێن و ڕێژەی مردن بەم ڤایرۆسە لەنێوان 20% بۆ 50%ـدایە.
ئامادەکارییەکان و گەشتکردن
وەزارەتی تەندروستی دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە “هیچ سنووردارکردنێکی گەشت و بازرگانی و جووڵەی هاووڵاتییان لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی نییە” و تەنیا رێکارە تەندروستییەکان توندکراونەتەوە.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە کە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ڕاسپێردراون بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی خۆپارێزی، ئامادەکردنی تاقیگەکان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی بۆ ئەوەی رێگری لە بەرکەوتنی هاووڵاتییان لەگەڵ قرتێنەرەکان بکرێت و پاکوخاوێنی ژینگە بپارێزرێت.

