ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، 12-5-2026, گرژییەکانی بەرەی باکووری ئیسرائیل و سنوورەکانی لوبنان چوونە قۆناغێکی نوێوە، کاتێک میدیا ئیسرائیلییەکان ڕایانگەیاند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان (درۆن) لەناو بنکەیەکی سەربازی لە باکووری وڵاتەکە کەوتووەتە خوارەوە.
شارەوانی کریات شمونە پشتڕاستی کردەوە کە ئەو دەنگی تەقینەوانەی لە ناوچەکە دەبیسترێن، بەهۆی “ڕووداوە سەربازییەکانەوە بەردەوامە”.
هەروەها بەرگری شارستانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بۆ جاری سێیەم زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ناوچەکانی “مەرگلیوت” و “مەنارە” لێدراوە، ئەوەش دوای دزەکردنی درۆنی دوژمن بۆ ناوچەکە.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، توانیویانە چەندین درۆن کە لە لوبنانەوە ڕەوانە کرابوون، پێش بەزاندنی سنوورەکان تێکبشکێنن.
لە لایەکی دیکەوە، ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە بەهۆی کاریگەری و مەترسییەکانی درۆنی حزبوڵڵا، سوپا دەستی کردووە بە بەکارهێنانی سیستەمێکی نوێی بەرگری. ئەم تەکنەلۆژیایە سوود لە ئەزموونەکانی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا وەردەگرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە ڕۆژانە زیان بە هێزەکانی ئیسرائیل دەگەیەنن.

