بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا، گویدۆ کروزێتۆ وەزیری بەرگریی ئیتالیا ڕۆژی چوارشەممە بە پەرلەمانی وڵاتەکەی گوت: ڕۆما دوو مینڕوێژ بۆ ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و پاشان دەریای سوور دەنێرێت. ناوبراو جەختی کردەوە ڕەوانەکردنی ئەو کەشتیانە بۆ ناوچەی هورمز تەنها لە چوارچێوەی ئەرکێکی نێودەوڵەتی و لە کاتی بەدیهاتنی ئاگربەستێکی “ڕاستەقینە، جێی متمانە و سەقامگیر” ئەنجام دەدرێت.
کروزێتۆ گوتی: هەر ئەرکێک لە هورمز پێویستی بە پەسندکردنی پەرلەمانی ئیتالیا دەبێت. پێشتر ڕۆیتەرز بڵاوی کردبووەوە فەرماندەی هێزی دەریایی ئیتالیا باسی لە ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ ناردنی دوو مینڕوێژ، کەشتییەکی پاسەوان و کەشتییەکی پشتیوانی لە چوارچێوەی ئەرکێکی فرەنەتەوەییدا کردووە.
هاوکات ڕیچارد مارلز وەزیری بەرگریی ئوسترالیا ڕایگەیاند: کانبێرا ئامادەیە بە فڕۆکەیەکی هەواڵگری بەشداری لە ئەرکێکی “تەواو بەرگری” بە ڕێبەرایەتی بەریتانیایی و فەڕەنسایی بکات.
ئوسترالیا ڕایگەیاندووە لە کاتی پێکهێنانی ئەم ئەرکەدا، فڕۆکەیەکی هەواڵگری لە جۆری (وجتیل E-7A) دابین دەکات لە ئێستاشدا لە ناوچەکەدا جێگیر کراوە.
مارلز گوتی: دەبێت ئەم ئەرکە “سەربەخۆ” و “تەواو بەرگری” بێت و بتوانێت هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان تەواو بکات. ناوبراو بەشداریی ئەگەریی ئوسترالیا وەک بەشێک لە پابەندیی وڵاتەکەی بە ئاسایشی بازرگانیی جیهانی وەسف کرد.

