zagros news agency

چین داوای زیادکردنی هەوڵە نێوبژیوانییەکانی پاکستانی لە جەنگی ئێراندا دەکات

بە گوێرەی ڕاپۆرتی شین‌هوا ئاژانسی دەوڵەتیی چین، وانگ یی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیسحاق داری هاوتا پاکستانییەکەی، داوای لە ئیسلام‌ئاباد کرد هەوڵە نێوبژیوانییەکانی نێوان تاران و واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران زیاد بکات.
وەزیری دەرەوەی چین ئەم داوایەی ڕۆژی سێشەممە، پێش سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ پەکین ئاراستە کرد.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، وانگ یی لە دیداریدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی پاکستانی ڕایگەیاندووە: پێویستە ئیسلام‌ئاباد بە شێوەیەکی گونجاو مامەڵە لەگەڵ پرسەکانی پێوەست بە کردنەوەی گەرووی هورمز بکات. شین‌هوا ئاماژەی بەوەش کردووە وەزیری دەرەوەی چین جەختی کردووەتەوە پەکین لە پێناو هەوڵە نێوبژیوانییەکاندا پشتیوانیی ئیسلام‌ئاباد دەکات.
چین کڕیارێکی گرنگی نەوتی کۆماری ئیسلامییە و دەیەوێت چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران بدۆزرێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە بۆ ئەنجامدانی دیدارێکی فەرمی گەیشتە پەکین. بڕیار بوو سەردانەکەی لە مانگی ئازاردا ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلی بەرانبەر کۆماری ئیسلامی دوا کەوت.
ترەمپ لە سەرەتای ئەم سەردانەیدا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ شی جین‌پینگ سەرۆککۆماری چین، ناکۆکییەکانی لەگەڵ شی لەسەر جەنگی ئەمریکا دژ بە ئێران بە کەمبایەخ نیشان دا. ترەمپ پێشتر هەوڵی دابوو فشار بخاتە سەر شی تاوەکو هەژموونی بەرچاوی چین بەکار بهێنێت و ئێران بۆ قبووڵکردنی مەرجەکانی ئەمریکا بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ یان کردنەوەی گەرووی هورمز هان بدات.
سەرۆککۆماری ئەمریکا گوتی: “بابەتی زۆرمان بۆ گفتوگۆکردن هەیە؛ ڕاستییەکەی ناڵێم ئێران یەکێکە لەوان، چونکە ئێمە تا ڕادەیەکی زۆر ئێرانمان کۆنترۆڵ کردووە.” ناوبراو پێی وایە ئەمریکا لە پرسی ئێراندا پێویستی بە هیچ یارمەتییەک نییە و بە هەر شێوەیەک بێت، چ بە ئاشتییانە یان بە جۆرێکی دیکە سەر دەکەوێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

سه‌ركرده‌كانی عه‌ره‌ب: سه‌رجه‌م هێزه‌كانی ئیسرائیل له‌ غه‌زه‌ بكشێنه‌وه‌ و بارمه‌ته‌كان ئازاد بكرێن

سەڵاح

بە فەرمانی مەسرور بارزانی كار بۆ دامەزراندنی سێ یەكەمی زانكۆ و پەیمانگاكان دەدرێت

یاسین

پێکانەکەی رافینیا لەوە قورسترە وەک لەوەی بارسێلۆنا چاوەڕێی بوو

یاسین