ئەمڕۆ چوارشەممە، لە شاری بەغدا، فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە دانا ئەحمەد مەجید، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان کرد و پرسی یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکان لە بەغدا تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکەیان بوو.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوێکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، ئەمڕۆ 13ی ئایاری 2026، فارس عیسا لە نووسینگەی تایبەتی خۆی پێشوازی لە دانا ئەحمەد مەجید، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا، هەردوولا بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد. تیشک خرایە سەر قۆناغەکانی پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوکات باس لەو ئاستەنگ و تەحەددییانە کرا کە لەم قۆناغەدا ڕووبەڕووی هەولێر و بەغدا دەبنەوە.
بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرسی “یەکڕیزیی نیشتمانی”. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەکان کردەوە بۆ پاراستنی دەستکەوتە دەستوورییەکان و بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناوەند، بە ئامانجی سەرخستنی پڕۆسەی گەشەپێدان لە ناوچەکەدا.
لای خۆیەوە، دانا ئەحمەد مەجید، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ستایشی کارەکانی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە بەغدا و ڕایگەیاند: “نوێنەرایەتییەکە وەک چەترێک وایە بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەلی کوردستان.”
ڕێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان هیوای خواست کە کادیر و نوێنەرانی هەموو لایەنە سیاسییەکان لە بەغدا، بە هەمان گیانی نیشتمانیی نوێنەرایەتییەکە کار بکەن و وەک یەک تیم مامەڵە لەگەڵ پرسە نەتەوەیی و چارەنووسسازەکاندا بکەن.


