پسپۆڕانی خۆراک جەخت دەکەنەوە کە خۆراکەکانمان کاریگەرییان لەسەر تەندروستیی قژ لە بەرهەمەکانی چاودێریکردنی کەمتر نییە.
ساماریا گارێت، پسپۆڕی خۆراک، دەڵێت سەلکەکانی قژ لە ڕووی زیندەچالاکییەوە چالاکن و بۆ گەشەی ئاسایی و پاراستنی قژ پێویستیان بە وزە، پرۆتین، ڤیتامین و کانزای پێویست هەیە. هەروەها قژ بە شێوەیەکی سەرەکی لە پرۆتینی “کیراتین” پێکدێت، بۆیە خواردنی پرۆتینی پێویست بۆ پێکهاتە و بەهێزیی قژ گرنگە.
ماڵپەڕی پزیشکیی “ئیتینگ وێڵ” چوار خۆراکی خستووەتە ڕوو کە پێداویستییە خۆراکییەکان بۆ تەندروستیی قژ دابین دەکەن:
١. نیسک: دەوڵەمەندە بە پرۆتینی ڕووەکی، ئاسن و زینک. گارێت دەڵێت ئاسن ئۆکسجین دەگوازێتەوە بۆ جەستە و سەلکەکانی قژ، هەروەها یارمەتیی بەرهەمهێنانی ترشی ناوەکی (DNA) دەدات بۆ خانە خێرا دابەشبووەکان. زینکیش لە دروستکردنی پرۆتین، دابەشبوونی خانە و چاککردنەوەی شانەکاندا بەشدارە، کە گەشە و کاری ئاسایی سەلکەکان دەپارێزێت.
٢. مەحار (گوێچکەماسی): بە یەکێک لە چڕترین سەرچاوەکانی زینک دادەنرێت؛ یەک دانەی قوتوو نزیکەی ٧.٥ میلیگرام زینکی تێدایە (٦٦٪ـی پێداویستیی ڕۆژانە). زینک بۆ دروستکردنی پرۆتین، ترشی ناوەکی و دابەشبوونی خێرای خانەکانی قژ پێویستە. توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠٢٥ لە گۆڤاری “هێڵس کێیر” بە ناونیشانی “هەڵوەرینی قژ و کەمیی زینک”، پەیوەندیی نێوان ئاستی زینک و قژهەڵوەرینی دەرخستووە. مەحار پرۆتین، ئاسن و ڤیتامین (B12)ـیشی تێدایە کە خڕۆکە سوورەکان بەرهەم دەهێنن و ئۆکسجین دەگەیەننە پێستی سەر.
٣. هێلکە: هەر نۆ ترشە ئەمینییە سەرەکییەکەی تێدایە و پرۆتینی پێویست بۆ کیراتین دابین دەکات. هەروەها دەوڵەمەندە بە ڤیتامین (B7) یان “بیۆتین”، کە لە ڕێڕەوە زیندەچالاکییەکاندا وزە و ماددەی پێویست بۆ کیراتین و سەلامەتیی خانەکان دابین دەکات و کاریگەریی لەسەر گەشەی ئاسایی قژ هەیە.
٤. ماسی سەلەمون: پرۆتینی کوالێتی بەرز، ڤیتامین (D) و ئۆمێگا-٣ـی تێدایە. پرۆتینەکەی ترشی ئەمینیی پێویست بۆ کیراتین دابین دەکات و ئۆمێگا-٣ پەردەی خانەکان و چینی پارێزەری پێست بەهێز دەکات و کاریگەریی لەسەر ئاماژەکانی هەوکردن هەیە. ٨٥ گرام سەلەمونی کوڵاو ١.٧ گرام ئۆمێگا-٣ دەبەخشێت، کە لە بڕی پێشنیارکراوی ڕۆژانە (١.١ گرام بۆ خانمان و ١.٦ گرام بۆ پیاوان) زیاترە.

