بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبرووسکە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە.
کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە، بۆ ئەمڕۆ شەممە، ئاسمانی هەرێم بە گشتی لە نێوان پەڵەهەور و نیمچەهەوردا دەبێت و تۆزێکی سووکیش کەشوهەوا دادەپۆشێت کە کاریگەرییەکەی زیاتر لەسەر ناوچەکانی باشووری هەرێمی کوردستان دەبێت، هاوکات لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆوە دۆخی کەشوهەوا دەگۆڕێت و لە زۆربەی ناوچەکان پێشبینی بارینی تاوەباران دەکرێت کە هەورەبرووسكەشی لەگەڵدا دەبێت.
سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی یەکشەممەش، ڕوونی کردووەتەوە کە ئاسمان بەرەو ساماڵ و پەڵەهەوربوون دەچێت، لەگەڵ بەردەوامیی بوونی تۆزێکی سووک لە هەوادا، بەڵام لە دوای نیوەڕۆوە کاریگەریی بارانبارینەکە کورتدەبێتەوە تەنیا بۆ ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان کە لە هەندێک کاتدا ئەگەری دروستبوونی تاوەباران و هەورەبرووسکەی لێ دەکرێت.

