وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی بۆ مامۆستایانی گرێبەست و ئەو فەرمانبەرانە دیاری کرد کە دوای ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوو دامەزراون و شایستە داراییەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆ دابین دەکرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی، ئەمڕۆ ڕۆژی یەکشەممە مووچەی مانگی چواری مامۆستایانی گرێبەست لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دابەش دەکرێت.
هاوکات لە هەمان ڕۆژدا، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە کە دوای ڕێککەوتی 1\7\2024 بە شێوازی هەمیشەیی یان گرێبەست لەسەر میلاکی دامەزراوە جیاوازەکانی حکومەتی هەرێم دەستبەکاربوون.
وەزارەتی دارایی جەختی لەوەش کردووەتەوە، شایستە داراییەکانی ئەم توێژانە لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت و پرۆسەکەش سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوەکان دەگرێتەوە.

