فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، بەشداریی لە ئاهەنگی جەژنی (دەهوا ئاد هەنینا)ی سابیئە مەندائییەکاندا کرد و پیرۆزبایی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی پێگەیاندن.
ڕۆژی یەکشەممە، 17ی ئایاری 2026، لە میانی بەشداریکردنی لە ئاهەنگەکەدا، فارس عیسا بەناوی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی پەیڕەوانی ئاینی سابیئەی مەندائی کرد.
سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە بەغدا، هیوای خواست ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ هەمووان و جەختی لە هیوای حکومەتی هەرێم بۆ ژیانێکی ئازاد و شکۆمەندانە و بەردەوامیی ئاسایش و سەقامگیری بۆ ئەو پێکهاتەیە کردەوە.
لای خۆشیانەوە، ئامادەبووانی مەراسیمەکە ستایشی پرەنسیپی پێکەوەژیانی ئاشتییانەیان لە هەرێمی کوردستان کرد. ئاماژەیان بەوە دا کە هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی لەبار و ئارامی بۆ هەموو ئایینە جیاوازەکان ڕەخساندووە تاوەکو بە ئازادی ڕێوڕەسم و جەژنە ئایینییەکانیان بگێڕن.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، فارس عیسا سوپاسی بانگهێشتی پێکهاتەی مەندائییەکانی کرد و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە لەو یادەدا هاوبەشی خۆشییەکانیان بووە.

