سوپای ئیسرائیل پێش دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕۆژی دووشەممە بۆ سەر گرووپی حیزبوڵڵا، هۆشداریی چۆڵکردنی بە سێ گوندی باشووری لوبنان دا.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی سوپای ئیسرائیل، فەرمان بە دانیشتووانی ئەم ناوچانە کراوە لانیکەم یەک کیلۆمەتر لە شوێنەکانیان دوور بکەونەوە.
عەقید ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل هۆشداریی دا و گوتی: «لە ئەنجامی پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە لایەن ڕێکخراوی حیزبوڵڵا، سوپای ئیسرائیل ناچارە بە هێزەوە لە دژی بجوڵێتەوە و مەبەستی نییە زیان بە ئێوە بگەیەنێت.» پێشتریش سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو دەیان بنکەی ژێرخانی حیزبوڵڵای لە باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج؛ ئەو شوێنانە کۆگای چەک و تەقەمەنی و بنکەی چاودێرییان تێدابووە.

