zagros news agency

سی ئێن ئێن: مۆسکۆ لە لێواری شکستدایە؛ هاوسەنگیی جەنگی ئۆکرانیا گۆڕانی تێدەکەوێت

 

هاوسەنگیی هێز لە جەنگی ئۆکرانیادا بە شێوەیەکی دراماتیک گۆڕانی بەسەردا هاتووە؛ سوپای ڕووسیا نەک هەر نەیتوانیوە لەمساڵدا (٢٠٢٦) پێشڕەوی بکات، بەڵکو تووشی پاشەکشە و زیانی مرۆیی و ئابووریی بێپێشینە بووەتەوە. ئەم گۆڕانکارییە مەیدانییانە دەرفەتێکی نوێ دەدەنە دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتایهێنان بە جەنگەکە، بەڵام بەو مەرجەی واز لە تێڕوانینە کۆنەکانی بهێنێت کە پێی وابوو دەبێت ئۆکرانیا سازش لەسەر خاکەکەی بکات.

ئەمە پوختەی وتارێکی شیکاریی نوێی (برێت مەکگۆرک)ە، لێكۆڵه‌ری باڵای کاروباری جیهانی لە تۆڕی (CNN) و بەرپرسی پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، کە تێیدا تیشک دەخاتە سەر دۆخی نوێی بەرەکانی جەنگ و پەیامەکانی بۆ واشنتۆن و پەکین.

شکستە مەیدانییەکانی پوتین و ئامارە شۆککەرەکان:

بەپێی شیکارییەکە، ڤلادیمێر پوتین هیوای وابوو کە لەمساڵدا هێزەکانی بتوانن بەهۆی باڵادەستیی ژمارەییەوە هێڵەکانی بەرگریی ئۆکرانیا بشکێنن، بەڵام پێچەوانەکەی ڕوویدا. ئێستا ئۆکرانیا نەک هەر بەرگری دەکات، بەڵکو لەمساڵدا زەوی زیاتری کۆنترۆڵ کردووەتەوە.

خاڵە هەرە دیارەکانی شکستی ڕووسیا بریتین لە:

  • زیانی مرۆیی گەورە: بەپێی خەمڵاندنە ڕۆژاواییەکان، زیانەکانی ڕووسیا گەیشتوونەتە ٣٠ بۆ ٤٠ هەزار کوژراو و بریندار لە یەک مانگدا. کۆی گشتی زیانە مرۆییەکانی مۆسکۆ لە سەرەتای جەنگەکەوە یەک ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە.
  • داڕمانی ئابووری: خەرجییە سەربازییە گەورەکان و شێواندنی بازاڕ، ئابووری ڕووسیای خستووەتە ژێر فشارێکی توندەوە، بە شێوەیەک کە تەنانەت ئەندامانی پەرلەمانی ڕووسیاش هۆشداری دەدەن کە وڵاتەکەیان ناتوانێت بۆ ماوەیەکی نادیار بەردەوام بێت.

درۆنەکانی ئۆکرانیا؛ گۆڕەپانی جەنگیان گۆڕی:

مەکگۆرک ئاماژە بەوە دەکات کە ئۆکرانیا لە دەوڵەتێکی بەرگریکارەوە بووەتە داهێنەرێکی سەربازی لە بەرهەمهێنانی درۆنی خۆسەردا. ئۆکرانیا توانیویەتی “ناوچەی کوشتن” بە قوڵایی ١٠-١٥ کیلۆمەتر لەسەر هێڵەکانی پێشەوە دروستبکات کە ڕووسیا ناتوانێت تێپەڕی بکات.
جگە لەوەش، درۆنەکانی ئۆکرانیا قووڵایی خاکی ڕووسیا، فڕۆکەخانە سەربازییەکان، کۆگاکانی چەک و پاڵاوگەکانی نەوتیان کردووەتە ئامانج، تەنانەت گەیشتوونەتە مۆسکۆی پایتەخت، ئەمەش پوتینی ناچار کردووە سیستمی بەرگری ئاسمانی لە ناوچە جیاوازەکان بڵاوە پێبکات.

پەیامێک بۆ ترەمپ و شی جینپینگ

ئەم دۆخە نوێیە پەیامێکی ڕوونە بۆ سەرکردەکانی جیهان:

دۆناڵد ترەمپ: پێشتر پێی وابوو ئۆکرانیا وەک لایەنی لاواز، بۆ هێنانەدی ئاشتی دەبێت قوربانی به‌ خاکه‌كه‌ی بدات ، بەڵام ئێستا ڕوونە کە ئۆکرانیا لە پێگەیەکی بەهێز دایە. ترەمپ دەتوانێت دیپلۆماسییەت بەکاربهێنێت، بەڵام بە پشتبەستن بە سەرکەوتنەکانی ئۆکرانیا، نەک ناچارکردنی بە سازش.

شی جینپینگ: سەرۆکی چین لە نزیکەوە چاودێری جەنگەکە دەکات. ڕاپۆرتەکان دەڵێن شی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕەنگە پوتین ڕۆژێک داخی غەدرکردن لە ئۆکرانیا بخوات. ئەم شکستەی ڕووسیا، چین ناچار دەکات بە ئاگایی و ترسێکی زیاترەوە سەیری هەر پلانێکی سەربازی بۆ سەر تایوان بکات.

وتارەکە لە کۆتاییدا دەڵێت: ئامانجە ستراتیژییەکانی پوتین (کۆنترۆڵکردنی کیێڤ و لاوازکردنی ناتۆ) بە تەواوی هەرەسیان هێناوە، ئێستا ناتۆ بە ئەندامبوونی فینلەندا و سوید گەورەتر و بەهێزتر بووە، و کات چیتر لە بەرژەوەندی مۆسکۆدا نییە.

برێت مەکگۆرک: هەولێر و موسڵ سیمبولی هیوا و نوێبوونەوەن

سەرچاوەCNN

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە كونسوڵی گشتیی فەڵەستین لە هەولێر دەكات

یاسین

جه‌لال شێخ نووری: دابڕاندنی شارەدێی كۆكس له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراق، پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووره‌

سەڵاح

چوونی زێدان بۆ فەنەربەخچە یەکلایی کرایەوە

یاسین