زنجیرە درامای کۆری “The Wonder Fools” سەرکەوتوو بوو لە ڕاکێشانی سەرنجی ئارەزوومەندانی درامای کۆری، دوای ئەوەی لە ڕێگەی پلاتفۆرمی نێتفلێکس دەستی بە پەخشکردن کرد.
ئەم بەرهەمە بەهۆی کەشوهەوا پڕ لە مەتەڵ و وروژاندنەکەی، کە تێکەڵەیەکە لە نێوان شاراوەیی و هێزی نائاسایی، پێشوازییەکی زۆری لێکرا.
پۆستەری فەرمی کارەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئاژاوەیەکی گەورە دەوروبەری پاڵەوانەکانی چیرۆکەکەی گرتووە، بە جۆرێک کەلوپەلە ڕۆژانەکان لە هەوادا دەفڕن، ئەمەش نیشانەیەکە بۆ ئەو هێزە شاراوەیەی پاڵەوانەکان بە شێوەیەکی لەناکاو دەیدۆزنەوە.
ڕووداوەکانی زنجیرەکە لە ساڵی 1999 لە ناو شاری “هایسۆنگ” ڕوودەدەن، لەو سەردەمەی ترس لە کۆتایی هاتنی جیهان باڵی بەسەر هەموواندا کێشابوو.
ژیانی کچێکی گەنج بە ناوی ئیون چای نی و دوو هاوڕێی دیکەی بەتەواوی دەگۆڕێت، دوای ئەوەی ڕووبەڕووی ڕووداوێکی نادیار دەبنەوە و هێزی نائاساییان پێ دەبەخشرێت.
بەهۆی ئەوەی ئەو هێزانە بەردەوام لە ژێر کۆنترۆڵ دەردەچن، پاڵەوانەکان خۆیان لەبەردەم زنجیرەیەک ڕووداوی مەترسیدار و ونبوونی نادیاردا دەبیننەوە. ئەمەش ناچاریان دەکات لەگەڵ فەرمانبەرێکی حکومی کە لە سیۆلەوە هاتووە کار بکەن بۆ ئاشکراکردنی نهێنییەکانی شارەکە.
لەم گەشتەدا ڕووبەڕووی کەسایەتییەکی تەمومژاوی دەبنەوە بە ناوی ها ئۆن دوو، ئەو لە ڕواڵەتدا ئارامە بەڵام مەبەستی مەترسیداری هەیە. هونەرمەندان بارک ئۆن بین و چا ئین وو، لەگەڵ کیم های سوک و چۆی دای هون ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن و کاری دەرهێنانی لەلایەن یو ئین سیک بۆ ئەنجامدراوە.

