ماڵپەڕی تەکنەلۆژی تێک کرانچ لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای کردووە کە هاککەرانی بواری سایبەر توانیویانە دەست بەسەر ئەژمارێکی ناوخۆیی و فەرمی کۆمپانیای مایکرۆسۆفتدا بگرن و لە ڕێگەیەوە نامەی بێزارکەر و لینکە فێڵکارییەکانی خۆیان بۆ بەکارهێنەران بنێرن ئەم جۆرە هێرشە مەترسییەکی زۆر دروست دەکات چونکە نامەکان لە سێرڤەر و ناونیشانی فەرمی خودی مایکرۆسۆفتەوە دەردەچن و سیستەمەکانی پاراستنی ئیمەیڵ ناتوانن وەک نامەی مەترسیدار یان سپام پۆلێنیان بکەن بەمەش بەکارهێنەران بە ئاسانی دەکەونە داوی فێڵەکەوە چونکە متمانە بە سەرچاوەی نامەکە دەکەن.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان فێڵبازەکان ئەم ئەژمارە ناوخۆییەی مایکرۆسۆفت بەکاردەهێنن بۆ ناردنی بەستەری هۆشداری ساختە کە تێیدا داوا لە بەکارهێنەران دەکرێت زانیارییە کەسییەکانیان یان وشەی تێپەڕبوونی ئەژمارەکانیان نوێ بکەنەوە تێک کرانچ ئاماژەی بەوەش کردووە کە مایکرۆسۆفت لە ئێستادا ئاگاداری کێشەکەیە و دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ دۆزینەوەی ئەو کەلێنە ئەمنییەی کە ڕێگەی بە هاککەران داوە بچنە ناو سیستەمە ناوخۆییەکەیانەوە هاوکات شارەزایانی ئەمنی هۆشداری دەدەنە بەکارهێنەران کە پێویستە زیاتر وشیار بن و کرتە لەسەر هیچ لینکێکی گوماناوی نەکەن تەنانەت ئەگەر لە لایەن سەرچاوە فەرمییەکانیشەوە نێردرابێت تا کاتێک کێشەکە بە تەواوی چارەسەر دەکرێت

