zagros news agency

رووسیا بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردووەتە سەر کیێف

بەرپرسانی ئۆکراینی بەیانیی یەکشەممە ٣ی حوزەیران ڕایان گەیاند ڕووسیا لە هێرشێکی بەرفراوانی شەوانەدا بە بەکارهێنانی درۆن و مووشەکی بالیستی، شاری کییێفی کردە ئامانج. دوو بەرپرسی ناوخۆیی ئۆکراینا ئاماژەیان بەوە کرد لەو هێرشە شەوانەیەی ڕووسیادا، لانیکەم چوار کەس لە کییێف و ناوچەکانی دەوروبەری گیانیان لەدەست دا.
هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “تێلێگرام” هۆشداریی دابوو ڕووسیا ئەگەری هەیە مووشەکی نوێی مامناوەندی “ئۆرێشنیک” بەکار بهێنێت. تەیموور تکاچێنکۆ، بەرپرسی سەربازی لە کییێف، ڕای گەیاند لەو هێرشەدا ٤٠ باڵەخانە زیانیان بەرکەوتووە؛ هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کەسێک کوژراوە و نزیکەی ٢٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.
ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانیی کییێف، باسی لە زیانگەیشتن بە چەندین باڵەخانە و قوتابخانەیەک کرد و داوای لە دانیشتووان کرد لە پەناگەکاندا بمێننەوە. ڕۆژنامەی “کییێف ئیندیپێندێنت” بڵاوی کردەوە دەنگی چەندین تەقینەوەی یەک لە دوای یەک لە پایتەخت بیستراوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتە سەرەتایییەکان، ئەگەری هەیە ڕووسیا مووشەکی “هایپەرسۆنیک” و “کرووز”یشی لەو هێرشەدا بەکار هێنابێت.
هاوکات سوپای پۆڵەندا ڕای گەیاند سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و فڕۆکە جەنگییەکان وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، دەستیان بە گەشتە ئاسمانییەکانیان کردووە. هێزە چەکدارەکانی پۆڵەندا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” ڕایان گەیاند ئەم هەنگاوە تەنها بۆ پاراستنی ئاسمانی وڵاتەکەیان بووە و هیچ پێشێلکارییەک لە سنوورە ئاسمانییەکانیاندا ڕووی نەداوە.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، شەوی شەممە هۆشداریی دابوو ئەگەری هێرشکردن بە مووشەکی “ئۆرێشنیک” لە ئارادایە. تا ئێستا بە تەواوی پشتڕاست نەکراوەتەوە ئایا ڕووسیا لەو هێرشەدا ئەو مووشەکەی بەکار هێناوە یان نا. ڕووسیا پێشتر دوو جار ئەم مووشەکە بالیستییەی لە جەنگی دژی ئۆکراینادا بەکار هێناوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

یەکێتیی ئەوروپا پێشوازی لە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەکات

سەڵاح

ڕیاڵ مەدرید ماوەی دوورکەوتنەوەی کارڤاخاڵی ڕاگەیاند

یاسین

لەسەدا 80ـی ئەمەریکییەکان ترسییان هەیە وڵاتەکەیان بخزێتە ناو ئاژەوەگێڕییەوە

یاسین