گوتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان ڕایگەیاند کە حاجیانی هەرێمی کوردستان بەرەو کێوی عەرەفە بەڕێکەوتوون بەمەبەستی بەجێگەیاندنی ڕوکنە سەرەکییەکەی حەج کە مانەوەیە لەو کێوە پیرۆزە.
کاروان ستوونی گوتەبێژی حەج و عومرە ئاماژەی بەوەش کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە چاودێریی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە حاجیان کردووە و بۆ ئەمساڵیش شوێنێکی تایبەتی ڤی ئای پی لە کێوی عەرەفە دابین کراوە کە سەرجەم پێداویستییەکانی حەوانەوە و قەنەفە و کورسی و خواردن و خواردنەوە و ساردەمەنی بێبەرامبەری تێدایە.
ستوونی دڵنیایی تەواوی دایە کەسوکاری حاجیان کە دۆخی تەندروستی سەرجەم حاجیان زۆر باشە و تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی مردن لە نێوانیاندا تۆمار نەکراوە و داواشی لە حاجیان کرد لە کاتی دوعا و نزا بەردەوامەکانیان دوعای خێر بۆ بەرقەراربوونی ئاسایش و ئارامی لە هەرێمی کوردستان و بۆ میلەتی کورد بکەن.
جێی ئاماژەیە بۆ پرۆسەی حەجی ئەمساڵ پێنج هەزار و سەد و بیست هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستانەوە گەیشتوونەتە وڵاتی سعوودیە کە لەو ژمارەیە دوو هەزار و حەوتسەد و پەنجا و دوانیان پیاون و دوو هەزار و سێسەد و شەست و هەشتیان ئافرەتن.

