zagros news agency

سەندیکای پزیشکان لەسەر گیانلەدەستدانی نەخۆشێک ڕوونکردنەوەی بڵاوکردەوە


لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان سەبارەت بە گیانسپاردنی نەخۆشێک لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە شاری هەولێر ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و داوای لێکۆڵینەوەی یاسایی و زانستی لە ڕەوشی هۆڵەکانی نەشتەرگەری و بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەکە دەکات.

سەندیکای پزیشکان ڕایگەیاندووە کە پزیشکی بەرپرسیار لە نەخۆشەکە بەپێی یاسای ژمارە ٦ی ساڵی ۲۰۰۰ خاوەن بەرزترین بڕوانامەی پسپۆڕی و مۆڵەتی فەرمییە. سەندیکاکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە زۆرجار بەهۆی باری تەندروستیی نەخۆشەوە، پزیشکان لە ڕووی زانستییەوە ناچار دەبن جۆری نەشتەرگەری لە هەناوبینییەوە بۆ کراوە بگۆڕن.

​لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتوو کاتێک ڕووداوەکە ڕوویداوە، هۆڵەکانی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی ڕەسولی تایبەت داخراو بوون و بەشی چاودێریی چڕ (ICU) لە ژێر نۆژەنکردنەوەدا بووە؛ بەو هۆیەوە داوا دەکەن لێکۆڵینەوە بکرێت کە بە چ مۆڵەتێک و لەژێر چ مەرجێکدا ڕێگە بە ئەنجامدانی ئەو نەشتەرگەرییە دراوە.

​لقی هەولێری سەندیکاکە داوای لێکۆڵینەوەی هاوبەش لەگەڵ دادگا و پزیشکی دادی دەکات و هۆشداریی داوە کە سنووردارکردنی کارکردنی پزیشکان لە تەنیا یەک نەخۆشخانەی کەرتی تایبەت خزمەت بە بەرژەوەندیی نەخۆش ناکات. هاوکات ڕەخنەی توندی لە بەشێک لە میدیاکان گرتووە بەوەی بە شێوەیەکی ناپڕۆفیشناڵ بوونەتە جێگرەوەی دادگاکان، کە ئەمەش دروستکردنی مەترسییە بۆ سەر کەرتی تەندروستی.

لە کۆتاییدا سەندیکای پزیشکانی کوردستان داوای لە هاووڵاتییان کردوو پێش ئەنجامدانی هر نەشتەرگەرییەک بەرچاوڕوونیی تەواو وەربگرن، چونکە لە ڕووی زانستییەوە هەموو دەستوەردانێکی نەشتەرگەری ئەگەری ڕوودانی ماک و لێککەوتەی تەندروستیی هەیە.

هەواڵی پەیوەندیدار

کەشناسی : پلەکانی گەرما کەمێک بەرزدەبێتەوە

یاسین

رێناس سەید نەجمەدین : بۆ كوردستانێكی بەهێز دەنگ بە پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن

گوران

چوونی زێدان بۆ فەنەربەخچە یەکلایی کرایەوە

یاسین