فیلمی نوێی عەرەبی “7DOGS “ کە بە وەبەرهێنانێکی گەورەی سعوودی بەرهەمهێنراوە، ئێستا مشتومڕێکی زۆری لە ناوەندە هونەرییەکاندا دروست کردووە.
ئەم فیلمە کە بڕی 40 ملیۆن دۆلاری تێچووە، بە گەورەترین پڕۆژەی سینەمایی لەسەر ئاستی ناوچەکە دادەنرێت و ئامانجیەتی کێبڕکێی بەرهەمە جیهانییەکانی “James Bond” و “Mission Impossible” بکات.
چیرۆکی فیلمەکە لەبارەی گرووپێکی نێودەوڵەتییە کە کار بۆ بنبڕکردنی بازرگانی دەرمانە بێهۆشکەرەکان دەکەن. کەریم عەبدولعەزیز و ئەحمەد عز، وەک دوو پاڵەوانی سەرەکی، کیمیایەکی بەهێز لە نێوانیاندا هەیە و توانیویانە بینەران سەرسام بکەن.
بەرهەمهێنەرانی فیلمەکە رایانگەیاند، تەنیا مەبەستیان بۆ کات بەسەربردن نییە، بەڵکو دەیانەوێت پیشانی بدەن کە سینەمای عەرەبی دەتوانێت ئالنگاری تەکنیکی گەورە ئەنجام بدات.
فیلمەکە لە چەندین وڵاتی جیاواز وەک میسر، سعوودیە، چین و ئەمریکا وێنەگیراوە و ئەکتەری جیهانی وەک مۆنیکا بێلوچی تێیدا بەشدارە.
رەخنەگرانی سینەمایی لەو بڕوایەدان، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و تەقینەوە گەورەکان لەم فیلمەدا، سینەمای عەرەبی دەباتە قۆناغێکی دیکە.
هەرچەندە هەندێک رەخنە لەبارەی خێرایی مۆنتاژ و جووڵەی کامێرا هەیە، بەڵام دواجار “7“DOGS توانیویەتی ورە بداتە بەرهەمهێنەران بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی هاوشێوە.
ئەم فیلمە نەک تەنیا لە رووی بازرگانییەوە سەرکەوتوو بووە، بەڵکو بووەتە رێگەیەک بۆ ناساندنی شوێنە گەشتیارییەکانی ناوچەکە بە جیهان.

