دوورگەی “هیلداسی” لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای شێتڵەند، خاوەنی دیمەنی سەرنجڕاکێش و باڵندەی زۆرە، بەڵام هەموو جۆرە ئاسودەیی و ئامرازێکی نوێی ژیانی هاوچەرخی تێدا نییە؛ ئێستا ئەم دوورگەیە بۆ فرۆشتن بە نرخی ٣٥٠ هەزار پاوەند (٤١٤ هەزار یۆرۆ) خراوەتەڕوو.
بەهۆی زیادبوونی ئارەزووی خەڵک بۆ دوورکەوتنەوە لە جەنجاڵیی جیهانی دیجیتاڵی، ئەم دوورگەیە کە ڕووبەرەکەی نزیکەی ١١٠ هێکتارە و تەنها لە ڕێگەی بەلەمەوە دەستگەیشتنی هەیە، بووەتە دەرفەتێک بۆ ژیان لە دەرەوەی تۆڕی کارەبا و پەیوەندییەکان.
سەرەڕای ئەوەی لە سەدەی نۆزدەیەمدا کۆمەڵگەیەکی بچووک لە دوورگەکەدا ژیاون، بەڵام لە ئێستادا تەنها خانووچکەیەکی نەریتیی بەردین و کەشتیوانە دابڕاوەکەی تێدا بەدی دەکرێت.
خانووچکە بەردینەکە کارەباشی نییه. کلۆن ئەندەرسۆن، ڕاوێژکاری خانووبەرەی بەرپرسی فرۆشتنەکە، ئاماژەی بەوە کردووە کە خاوەنەکانی پێشوو پەنایان بۆ تۆرباینێکی بچووکی با و مولیدەی دیزل بردووە، بەڵام کڕیاری نوێ دەبێت خۆی میکانیزمی دابینکردنی کارەبا بدۆزێتەوە.
پێداویستییەکانی ناو خانووچکەکە بریتیین لە شوێنی دانیشتن بە زۆپای خەڵووز، شوێنی خەوتنی بەرز و حەمامێکی جیاواز. هەر هەوڵێک بۆ نۆژەنکردنەوە یان گەشەپێدان پێویستی بە مۆڵەتی یاسایی تایبەت دەبێت.
دوورگەکە خاوەنی هێڵێکی کەناریی تاوێریی، دوو گۆلاوی ئاوی شیرین و جۆرەها باڵندەی وەرزییە.

