zagros news agency

خانوو و شوقە دەدرێتە کەم درامەتان

بڕیارە لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان دروست بکرێت، کە بە شێوەی قستی درێژخایەنی 15 ساڵ بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێن.

پێنجشەممە 11ـی حوزەیرانی 2026، سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی هەولێر رایگەیاند، لە کۆی گشتی ئەو 20 هەزار یەکەیەی دروست دەکرێت، شەش هەزار یەکەیان لە شاری هەولێر دەبن، ئاماژەی بەوەش کرد هەرچەندە لە ئێستادا کارکردن لە پڕۆژەکەدا وەستاوە، بەڵام لە ئایندەیەکی نزیکدا دەستپێدەکاتەوە.

پڕۆژەکە بە هاوبەشی لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کەرتی تایبەت جێبەجێ دەکرێت، حکوومەت بەرپرسیار دەبێت لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی وەک شەقام، قوتابخانە و مزگەوت، لە کاتێکدا کەرتی تایبەت ئەرکی دروستکردنی یەکەکان دەگرێتە ئەستۆ.

سەبارەت بە جۆری یەکەکان، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەولێر روونی کردەوە، ئەو کەسانەی تازە هاوسەرگیرییان کردووە زیاتر خواستیان لەسەر شوقەیە، بەڵام خێزانە قەرەباڵغەکان خانوویان پێ باشترە.

بەپێی بەدواداچوونەکان، 80%ـی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی شوقە دروست دەکرێن، چونکە لە رووی رووبەرەوە سوودبەخشترن؛ بۆ نموونە لەسەر رووبەری یەک دۆنم زەوی دەکرێت نزیکەی 200 شوقە دروست بکرێت، لە کاتێکدا هەمان رووبەر تەنها جێگەی 20 خانووی تێدا دەبێتەوە.

بەپێی دوایین ئامارەکانی سەرژمێری، لە هەرێمی کوردستان 2 ملیۆن و 28 هەزار و 937 یەکەی نیشتەجێبوون هەن، کە بەشێکی زۆریان بەتاڵن و رێژەیەکی زۆری هاووڵاتییانیش هێشتا کرێنشینن، لە ئێستاشدا زیاتر لە 100 هەزار یەکەی دیکەی نیشتەجێبوون لە قۆناغی جێبەجێکردندان.

هەواڵی پەیوەندیدار

پیرۆزبایی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ساڵیادی دامەزراندنی (ئاژانسی هەواڵیی زاگرۆس)

یاسین

به‌وێنه‌… به‌ چاندنی دره‌خت، شه‌قامی 30 مه‌تری ده‌ڕازێنرێته‌وه‌

سەڵاح

لالیگا.. بەرشەلۆنە لە دەرەوەی یاریگای خۆی گۆڵبارانی مایۆرکای کرد

یاسین