ئێران بەرەبەیانی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە دەروازەی هۆرمزی بە ڕووی هەموو جۆرە کەشتییەکاندا داخستووە. تاران ئەم هەنگاوەی وەک وەڵامێکی ڕاستەوخۆ بۆ هێرشەکانی دوایی ئەمریکا ناو دەبات، بەڵام واشنگتۆن ئەم ڕاگەیاندنەی ڕەتکردەوە و بە «بانگەشەیەکی نادروست» ناوی برد .
بەپێی ڕاگەیاندراوی بارەگای «خاتم الأنبیاء» کە بەرپرسی بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای ئێرانە، بڕیاری داخستنی دەروازەکە هەموو کەشتییەکان، لەوانەش نەوتکێشەکان و کەشتییە بازرگانییەکان، دەگرێتەوە. هەروەها ئاگاداری داوە کە هەر هەوڵێک بۆ تێپەڕبوون لە دەروازەکە بە هێرش وەڵام دەدرێتەوە.
لە هەمان کاتدا، هێزی دەریایی سوپای پاسداران ڕایگەیاند کە داخستنی دەروازەی هۆرمز «تا ئاگادارکردنەوەیەکی تر» بەردەوام دەبێت. ئەم هێزە هۆکاری ئەم بڕیارەی بە «پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئەمریکا لە مەرجەکانی وەستاندنی ئاگربەس» گەڕاندەوە.
فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران وتی هێزەکانی بە توندی مامەڵە لەگەڵ هەر هەوڵێکی تێپەڕبوون دەکەن و داوای لە کەشتییەکان کردووە لە پێناو پاراستنی ئاسایشدا بە تەواوی لە تێپەڕبوون لە دەروازەکە خۆیان بپارێزن.
ئەو هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە داخستنی دەروازەی هۆرمز ئەنجامی نائارامی و نەبوونی ئاسایشە کە بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکاوە دروست بووە، و ئاگاداری دا کە نزیکبوونەوە لە ناوچەکە بە هاوکاری لەگەڵ دوژمن لێک دەدرێتەوە.
لە پەیوەندییەکی ترەوە، فەرماندەی هێزی ئاسمانی و ئەرزی سوپای پاسداران وتی ئەگەر واشنگتۆن بە سیاسەتەکانی خۆی بەردەوام بێت، ئێران «ناوچەکە بۆ ئەمریکییەکان دەکاتە دۆزەخ».
تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێرانیش ڕایگەیاند کە وێنەکانی مانگی دەستکرد نیشان دەدەن کە هاتووچۆی کەشتییەکان لە دەروازەی هۆرمز وەستاوە، کە بە پێی ڕوایەتی ئێران، نیشانەی جێبەجێکردنی بڕیاری داخستنی دەروازەکەیە.

