لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، ئامادەکاری بۆ ١٦یەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی بەرلین دەکرێت.
فێستیڤاڵەکە لە ڕۆژانی ٢٥ی ئەیلوول تا ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ لە سینەمای دێرین و ناسراوی (Babylon) لە گۆڕەپانی ڕۆزا لۆکسمبۆرگ بەڕێوەدەچێت. ئەم خولە وەک نەریتی ساڵانی ڕابردوو، دەبێتە سەکۆیەکی گرنگ بۆ نمایشکردنی بەرهەمە سینەماییە کوردییەکان و دروستکردنی پردی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی کولتووری لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
کورد لە یەکێتیی سۆڤیەتدا
تایبەتمەندیی خولی ئەمساڵی فیستیڤاڵەکە، تیشکخستنە سەر تەوەرێکی مێژوویی و گرنگە لەژێر ناونیشانی:
“کورد لە یەکێتیی سۆڤیەت – لە نێوان یادەوەری، ناسنامە، ڕاگواستن و نوێبوونەوەدا”.
لەم چوارچێوەیەدا، فێستیڤاڵەکە کۆمەڵێک فیلمی جۆراوجۆر لە ژانرەکانی فیلمی درێژی سینەمایی، دۆکیۆمێنتاری و کورتەفیلم نمایش دەکات. ئەم بەرهەمانە گوزارشت لە ڕوانگە جیاوازەکانی سینەماکاران دەکەن سەبارەت بە مێژوو، کۆچی زۆرەملێ، یادەوەریی کولتووری و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانی گەلی کورد، چ لە ناوچە ڕەسەنەکانی کوردستان و چ لەنێو کۆمەڵگای کۆچبەر و دیاسپۆراندا.
جگە لە نمایشکردنی فیلمەکان، بەرنامەیەکی دەوڵەمەند و بەرفراوان لە چالاکییە کولتوورییەکانی دیکەش بەڕێوەدەچێت، کە بریتین لە: کۆڕی خوێندنەوەی کتێب و ئەدەبیات، پێشانگای هونەری و شێوەکاری، ئینستلەیشنی دەستی و بینراو، کۆڕ و سیمیناری گفتوگۆیی بە مەبەستی قووڵبوونەوە لە تەوەری سەرەکی فێستیڤاڵەکە و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا لە نێوان ئامادەبووان و سینەماکاراندا.
سپۆنسەر و شوێنی بەڕێوەچوون
سینەمای “بابیلۆن” کە ساڵانێکە وەک ناوەندێکی سەرەکی هاوکاری ئەم فیستیڤاڵە دەکات، دەرگاکانی بۆ پێشوازیکردن لە هۆگرانی سینەما دەکاتەوە. خولی ١٦یەمینی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی بەرلین بە هاوکاری و پاڵپشتی ئەم لایەنە فەرمی و کولتوورییانە بەڕێوەدەچێت، وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی بەرلین، پەیمانگەی زمان لە بەرلین و ئینستیتوتی گۆتە لە هەولێر.
ئەم فێستیڤاڵە بە یەکێک لە گرنگترین ڕووداوە کولتوورییەکانی ڕەوەندی کوردی لە ئەوروپا دادەنرێت کە ساڵانە سەرنجی میدیاکاران و هۆگرانی هونەری سینەما لە سەرانسەری جیهانەوە ڕادەکێشێت.*

