ڕووەکی “ڤینۆس” (Venus Flytrap) کە بە یەکێک لە بەناوبانگترین ڕووەکە گۆشتخۆرەکانی جیهان دادەنرێت، جارێکی دیکە ناوەندە زانستییەکانی سەرسام کردەوە. دوای زیاتر لە 100 ساڵ لە باوەڕبوونی زانایان بە تیۆرییەکی دیاریکراو، توێژینەوەیەکی نوێ دەریخست کە میکانیزمی ڕاوکردنی مێرووەکان لەلایەن ئەم ڕووەکەوە زۆر لەوە ئاڵۆزتر و جیاوازترە کە پێشتر پێشبینی دەکرا.
گۆڕانکاری لە تیۆرییە کۆنەکاندا
بۆ ماوەی زیاتر لە سەدەیەک، زانایان پێیان وابوو داخستنی خێرای گەڵاکانی ڕووەکی ڤینۆس بەهۆی “دووبارە دابەشبوونەوەی ئاو” لەناو گەڵاکانیدا ڕوودەدات، بەجۆرێک ئاوەکە لە خانەیەکەوە بۆ خانەیەکی دیکە دەچێت و دەبێتە هۆی ئەستووربوونی لایەکی گەڵاکە و داخستنی. بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری زانستی “Science” بڵاوکراوەتەوە، ئەو تیۆرییەی ڕەتکردەوە.
میکانیزمی “سپرینگ” و نەرمبوونەوەی خانەکان
یوئێل فۆرتێر، زانای فیزیا لە ناوەندی نیشتمانی فەرەنسا بۆ توێژینەوەی زانستی (CNRS) و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە ڕایگەیاند: “ئەم ڕووەکە هێشتا دەتوانێت تووشی سەرسوڕمانمان بکات.”
بەپێی توێژینەوەکە، داخستنی گەڵاکان بەهۆی “نەرمبوونەوەی خێرای دیوارەکانی خانە” لە چینی دەرەوەی گەڵاکەدا ڕوودەدات. ئەم ڕووەکە وەک سپرینگێکی (زنبرەک) لێکراو وایە کە وزەیەکی میکانیكی زۆری تێدا کۆبووەتەوە؛ کاتێک مێروویەک دەست لە قژە هەستیارەکانی ناوەوەی گەڵاکە دەدات، دیواری خانەکان بە ڕێژەی %30 بۆ %40 نەرم دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئازادبوونی ئەو فشارە ناوەکییەی کۆکراوەتەوە و لە چەند بەشێکی چرکەدا گەڵاکە وەک شەویلگەیەکی بکوژ بەسەر مێرووەکەدا دادەخرێت.
ژیان لە ژینگەیەکی سەختدا
ڕووەکی ڤینۆس تەنها لە ناوچەیەکی سنوورداری ویلایەتەکانی کارۆلینای باکوور و باشوور لە ئەمریکا دەڕوێت. بەهۆی ئەوەی ژینگەکەی لە ڕووی ماددە خۆراکییەکانەوە هەژارە، ڕووەکەکە پەنا بۆ ڕاوکردنی مێرووەکان دەبات تاوەکو لە ڕێگەی دەردانی ئەنزیمەکانەوە هەرسۆیان بکات و سوود لە ماددە نێو جەستەیان وەربگرێت بۆ مانەوەی لە ژیان.
ئەم دۆزینەوە نوێیە نەک تەنها تێگەیشتنمان بۆ جیهانی ڕووەک دەگۆڕێت، بەڵکو ئاسۆیەکی نوێش لەبەردەم زانستی فیزیا و بایۆلۆژیای ڕووەکدا دەکاتەوە بۆ تێگەیشتن لە جوڵە خێراکان لە سروشتدا.

