zagros news agency

خوێندنەوەیەک بۆ دیداری نێچیرڤان بارزانی لە کەناڵی شەرقییە

بەهرە محەمەد

ئێوارەی چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی  سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیمانەیەکی تایبەتی لەگەڵ کەناڵی شەرقيیە ی عێراقی ئەنجام دا .
لە دیدارەکەدا زۆر بە ڕاشکاوی و ڕاستی باسی پرسگەلێکی ئێجگار گرنگی کرد سەبارەت بە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکه .

لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە نێچیرڤان بارزانی ئەوەی بە کەناڵی شرقية گوت کە هەرێمی کوردستان ناوەندی ئارامی ناوچەکەیە و لەگەڵ ئەوەش نیە کە هەرێم ببێتە مەیدانی ململانێ و مەترسی بۆ سەر هیچ وڵات و لایەنێک نیە وە دڵنیایی دا کە هەرێم بەشێک نیە لە ئاڵۆزی و ئەو کێشانەی بوونیان هەیە ، سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی زۆر بە ڕاشکاوی ئەوەی باسکرد کە لە سەردانیکردنی بۆ ئێران و دیدار لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی دا باسی هەرێمی کوردستانی کردووە و ڕایگەیاندووە کە هەرێمی کوردستان مامەڵەیەکی بەرپرسیارانە لەگەڵ ڕووداوەکان دەکات و هەرێمی کوردستانیش بەهیچ شێوەیەک نابێتە هەڕەشە لەسەر ئێران و ڕێگە نادا خاکی هەرێم ببێتە مەیدانی شەڕ و هەڕەشە بۆ سەر ئێران ئەگەرچی گلەیی ئەوەش هەبووە کە زۆر جار هەرێم بەر هێرشی ئێران کەوتووە کە بێ هۆکار بوون و چەندین ناوچەی سڤیل و هاوڵاتی شەهید بوون ، داواشی کردووە هەرێم پارێزراو بێت و دوور بێت لەو هێرش و پەلاماردانە بێ هۆکارانی دەکرێنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان .

سەبارەت بە هەرێم و عێراق سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ڕەخنەی لە عیراق گرت کە تاکو ئێستا کار بە سیستمی نێودەوڵەتی ناکرێت و حکومەتی عێراق بەشێوازێکی ناوەندی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات ، ئەگەرچی هەرێم چەندین جار داوای کردووە لەسەر بنەمای دەستووری عیراق پەیوەندی و مامەڵە بکرێت بەڵام حکومەتی عێراق لە چەندین بڕیاردا پێشێلی دەستووری کردووە یاخود کاری پێنەکردووە .
جگە لە پرسی هەرێمی کوردستان ، نێچیرڤان بارزانی هۆشداری دا سەبارەت بە چارەسەرکردنی گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی یاساکانی عێراق ، چونکە ئەم گرووپانە هەڕەشەن لەسەر خودی عێراق و وڵاتانی دەورووبەر ، ئەگەر حکومەتی عێراق نەتوانێت سنوور بۆ ئەم گرووپانە دابنێت ئەوا حکومەتی عێراق ڕوو بە ڕووی پەراوێزی نێودەوڵەتی دەبێتەوە و وڵاتانیش بەجۆرێکی تر مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و عێراق تووشی فشاری وڵاتان دەبێتەوەو و ڕەنگە بە هێرشی سەربازی بۆ سەر عێراق کۆتایی بێت.
سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی لە بارەی عێراق هەوڵیداوە بەشێک بێت لە چارەسەر و لە کۆبوونەوەی ئیتاری تەنسیقی بە ڕوونی و ڕاشکاوی هەموو ئەو ڕەخنە و تێبینیانەی بە لایەنە شیعەکانی نێو ئیتاری تەنسیقی گوتووە و هەوڵی داوە ئیتاری تەنسیقی کار بۆ بنیادنانی حکومەتی یاسا و پاڵپشتی هەنگاوەکانی حکومەت بکەن لە ڕووی کۆنترۆلکردنی گرووپە چەکدارەکان.

سەبارەت بە پەیوەندی و سەردانەکانی سەرۆکی هەرێم و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندیەکانی هەرێم لە ڕێگەی حکومەتی ناوەندەوەیە و بە ئاگادارای سەرۆکی حکومەت بەشێک لەو پەیوەندیانەی هەرێم لەگەڵ وڵاتان ڕێکدەخرێت و کاری بۆ دەکرێت هەروەها بەشێک لەو سەردان و دیدارانەی دەرەوە کە بەرپرسانی هەەێم ئەنجامی دەدەن بۆ بەرژەوەندی عێراق و ناوچەکەیە .

سەبارەت بە پرسی ئاشتی لە ناوخۆی تورکیا ، نێچیرڤان بارزانی دەستخۆشی کرد لەو پرۆژە یاسایەی کە لە پەرلەمانی تورکیاوە دەرچوو ، چونکە ئەو پرۆژە یاسایە هەنگاوێکە بەرەو چارەسەری پرسی چەکدانان و ئاشتی لە وڵاتی تورکیا لەم پرسەشدا هەرێم و خودی نێچیرڤان بارزانی ڕۆلێکی زۆر جدی و گەورەی بینیوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئاشتی هەوڵبدرێت پرسی کورد لە تورکیا بەرەو پێش بچێت و کۆتایی بە شەڕ و ململانێی سەربازی بهێت کە نزیکەی نیو سەدەیە بە بەردەوامی هەیە ، نێچیرڤان بارزانی بەردەوام بووە لە هاندانی بەرپرسانی تورکیا بۆ ئەوەی بەڕێگەی ئاشتی و پێکەوەیی بتوانرێت کۆتایی بە شەڕ بهێنرێت ، ئەوەشی بە کەناڵی سرقة گوت کە لە سەردەمی ئێستادا کێشەکان دەتوانرێت لە ڕێگەی گفتوگۆ و ئاشتی دەکرێ چارەسەر ببن و کۆتاییان بێت.
هەروەها تا ئێستا هیچ کێشەیەکی ناوچەکە بە ڕێگەی زمانی زبر و شەڕ دواییان نەهاتووە و یەکلایی نەبوونەتەوە یاخود هەر چارەسەر نەبوون، باشترین نموونەش کێشەی پرسی کوردە لە سوریا ، حکومەتی سوریا لە ڕێگەی زمانی گفتوگۆ توانی کۆتایی بە ململانێ و کوشتاری زۆر بهێنێت، سەرەڕای هەبوونی چەندین کەموکوڕی بەڵام زمانی گفتوگۆ و ئاشتی هەردەم تاکە چارەسەرە لەم پرسە گرنگانەی وڵات .

ئەوەی لەم دیمانەیە بینیمان و درکمان پێی کرد دەرکەوت ڕۆلی گەورەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو لە پێناو ئاشتی و چارەسەری کە بینیویەتی ، بە هەوڵی ئەو توانراوە زۆر پرسی گرنگ چارەسەر بکرێن و چەندین گرێ کوێرەی کردوونەتەوە ،نێچیرڤان بارزانی لە ئێستادا کەسایەتیەکی کارێزما و دیبلۆماسی پڕ لە هونەر و پەیوەندیە لە سەر ئاستی جیهانیدا کە دەبێت ئەم هەوڵ و کارانەی بەهەند وەربگیرێت و ببێتە شانازی بۆ ناوخۆی وڵاتمان ، لەم دیمانەیە بینیمان گرنگیدانی کەسیاتیە جیهانیەکان و وڵاتە جیاوازەکان بوو بە سەرۆکی هەرێم لە پرس و ململانێکانی ناوچەکەدا .

بەهۆی هەوڵە دیبلۆماسی و کەسایەتییە کارێزماکەی نێچیرڤان بارزانی ، ئەمڕۆ کورد خاوەنی چەندین پاڵپشتی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانە لەسەر ئاستی جیهانی وە پێگەی هەرێم ناوەندێکی کاریگەر و بەهێزە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ناوچەکەدا ، سەرەڕای هەبوونی چەندین گرفت و وەیران لە ناوخۆ دا . دەکرێ کار بکرێت بۆ بەهێزتر کردنی ڕۆل و پێگەی هەرێم پاڵپشتی کردنی هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێم و بۆ چارەسەرکردنی گرفتی نێوان لایەنەکان و بتوانرێ لەرێی ئەو پەرلەمانی کوردستان کارا ببێتەوە و حکومەتێکی نوێ دروستبکرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

پاراستنی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان ئەرکێکی نیشتیمانپەروەری هەموو تاکێکی دڵسۆزی کوردستانە

دڵشاد

لە سایەی لیستی پارتیدا بنەماکانی بەیەکەوە ژیان بەهێزتر دەبێت

دڵشاد

وەڵامێک بۆ سەرۆکی لەکارلادراوی پەرلەمان

یاسین