لە ساتەوەختێکدا کە هەموو چاوەکان لەسەر مۆندیالی ٢٠٢٦ـە، ئێرلینگ هالاندی ئەستێرەی گەورەی مانچستەر سیتی و هێرشبەری هەڵبژاردەی نەرویج، هەمووانی تووشی سەرسوڕمان کرد. ئەم ئەستێرەیە بڕیاریداوە گۆڕانکارییەکی ناوازە و پڕ لە مانای لەسەر درێسە مێژووییەکەی ژمارە نۆی نەرویج بکات، ئەوەش وەک ڕێزلێنانێک بۆ دایکی.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی “زەسەن”، هالاند بۆ یەکەمجار لە ژیانیدا ناوی بنەماڵەی دایکی، “گری مارینتا براوت”، بۆ سەر درێسەکەی زیاد دەکات و لەم پاڵەوانێتییەدا بە ناوی “براوت هالاند” دەردەکەوێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو لەگەڵ یانەکەی لە ئینگلتەرا تەنیا ناوی باوکی بەکاردەهێنێت، بەڵام ئەم جارە ویستوویەتی بەشێکی گرنگی ناسنامەکەی، کە دایکییەتی، بە جیهان نیشان بدات.
هەموو چاوەکان لەسەر شاری بۆستنە، کە بڕیارە ئەم هێرشبەرە تەمەن ٢٦ ساڵانە یەکەمین یاریی فەرمی خۆی بە درێسە نوێیەکەیەوە بەرامبەر بە هەڵبژاردەی عێراق ئەنجام بدات. نەرویج کە لە کۆمەڵەیەکدا لەگەڵ فەرەنسا و سەنیگال و عێراقدا ڕکابەری دەکات، ئامانجیەتی لەم مۆندیالەدا وەک “ئەسپە ڕەشەکە” دەربکەوێت و هەموو پێشبینییەکان بە ئاراستەیەکی پێچەوانەدا بگۆڕێت.

