رێبوار حەمەلاو شوانى
گەلى کورد وەک نەتەوەیەکى ستەملێکراو و خاک داگیرکراو بە پێى هەڵکەوتە جوگرافیاکەیەوە ، هەموو کات و ساتێک لە ژێر هەڕەشە و هێرش و پەڵاماردان و چەوسانەوەدا بووە ، بەڵام ئەوەى دواى دەیان ساڵ لەهەوڵى سڕینەوە و لەناوبردن و ڕیشەکێشکردن پارێزگاری لێکردووە ، خۆڕاگرى و قوربانیدان و خەباتى بێ وچان و کۆڵنەدان و لەوەش گرنگتر بوونى پێشمەرگە،رابەڕ و سەرۆکێکى فیداکارى وەک جەنابى سەرۆک مسعود بارزانییە کە ، لە هەمو وقۆناغەکانى خەباتدا وەک قەڵایەکى پۆڵایین بەرامبەر داگیرکەران و دوژمنان و پیلانگێرییەکانیان وەستاوەتەوە و بەرگرى لە دۆزى رەواى نەتەوەکەى کردووە
لە نێو هەموو هەڵومەرج و دۆخە هەستیارە و پڕ ئاڵنگارییەکاندا ، چ لەسەر ئاستى کوردستان و چ لە سەر ئاستى عێراق و ناوچەکە و نێودەوڵەتیشدا ، کە ڕووبەرووى نەتەوەى کورد و بەتایبەتى قەوارەى هەرێمى کوردستان بووەتەوە ، ڕۆڵێکى گرنگ و کاریگەرى هەبووە بۆ پارێزگاریکردن لەماف و شوناس و ڕاگرتنى هاوسەنگى ، ئەوەش ئاماژەیە بەو ڕۆڵ و پێگە کاریگەرییەکەى کە دۆستان و دوژمنانیش گەواهیدەرى ئەو راستییەن ، بەهۆى هەستیارى و گڕێدراوى خاکى کوردستان بە ناوچەیەکى ئاڵۆزیی وەک رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بوونى کێشەى گەورە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانەوە ، هەموو کات کاریگەرییان لە سەر دۆزى رەواى گەلى کورد داناوە و زۆرجارانیش گەلى کورد بووتە قوربانیی بەرژوەندیی وڵاتانى زڵهێزى ناوچەکە و دونیا لەکاتێکدایە ئەو وڵاتانە بە بێ ئەوەى گوێ بدەن خەبات و قوربانیدانى دەیان ساڵەى نەتەوە کورد و ئەو هەموو کارەساتانەى کە لەماوەى دەیان ساڵى رابردوو لەلایەن داگیرکەرى عەرەب ، تورک ، فارسەوە بە سەریدا سەپێنراو و هێنراوە
بە سەرنجدان وهەڵوەستەکردن لەسەر رووداوەکانى چەند ساڵى رابردووو و بەتایبەتى سەرهەڵدانى کێشە قوڵەکانى دواى 7ى ئۆکتۆبەرى 2023 و جەنگى چەند قۆناغى نێوان ئەمەریکاو ئیسرائیل دژى ئێران ، هەرێمى کوردستان وەک قەوارەیەکى یاسایی و دەستوورى کەوتۆتە نێو جەرگەى ئەو شەڕ و ناکۆکییانەوە ، بەڵام بوونى سەرکردایەتییەکى ژیرانە لە هەرێمى کوردستان توانیوێتى بە شێوەیەکى راست ودروست مامەڵە بکات و کوردستان و گەلى کورد لە شەڕ و ناکۆکییەکان بپارێزێت و هەمیشە ڕۆڵى ناوەندگێرانە لە ڕووى سیاسى و دیپلۆماسیەوە ئەدا و پێشکەش بکات
سیاسەت و دیپلۆماسى و وردبینى و ئایندەبینى پیشمەرگە ، ڕابەر و سەرۆک مسعود بارزانى بە ئەزموون قووڵەى لە رابردوو و ئێستاشدا هەیەتى ، توانیوێتى بە سیاسەتێکى هاوسەنگ مامەڵە بکات بۆ ئەوەى لەلایەن ناوچەکە لە شەڕێکى بەرفراوان بەدوور بگرێت و لەهەمانکاتیشدا هەرێمى کوردستان وەک ئەکتەرێکى کاریگەر و چارەسەر نیشانى هەموو جیهان بکات ، بۆیە توانیوێتى هەموو ئەو هەوڵأنەى کە نەیاران و داگیرکەران خەونیان پێوە دەبینى بۆ نەهێشتن یان لاوازکردنى هەرێمى کوردستان و ئینجا هەڵوەشاندنەوەى هێزى پێشمەرگەى کوردستان کە خەونى ناحەزانى کورد بوو بە دیپلۆماسى و سیاسەتى ژیرانە و ئەو تێڵێسمانە تێکبشکێێت و ڕێگەنەدات بێنەدى ، چونکە سەرۆک بارزانى باش دەزانێت ، هەموو خەونى دوژمنان بۆ ئەوە بووە تا پێشمەرگە وەک پارێزەرى کوردستان و دۆزە رەواکەى بوونى نەمێنێت ، پێشمەرگەیەک کە بە خوێن و فرمێسک و ماندووبوونى نەتەوەیەک دروستبووە ، بەهێزترین چەکى ئیرادەیە و ئازایەتی و گیانبەخشین و بیروباوەرێتى بە گەل ونەتەوەکەى ، ئەوەش ئاماژەیە بەو پەیامە مێژووییەى پێشمەرگە و رابەر و سەرۆک بارزانى ، بۆ هەموو نەیارانى کورد و ئەوانەى خەونى چەککردن و تواندنەوەى پێشمەرگەیان دەبینى
بەدڵنییاییەوە ، سەرۆک بارزانى ، بەم هەڵوێستە مێژووییەى جارێکى دیکە بە هەموو وڵاتانى ناوچەکە و جیهانى گووت ، گەلى کورد ، پێشمەرگەیە و کۆڵنەدەرە ، خۆشى وەک پێشمەرگەیەک کە زیاتر لەشەش دەیە خەبات وبەرخودان دژى داگیرکەران و نەیارانى کوردستان دەکات ، گووتى پێشمەرگە شوناسى بەرگرى و خەبات و مێژوویی پڕسەروەرى کوردوکوردستانە ، ئەوەش ئاماژەیە بەو راستییە کە ڕابەر و سەرۆک بارزانى وەک هەمیشە بەهەڵوێستە مێژووییەکانى هەموو تێڵێسم و هەووڵى نەیارانى کوردستان وپێشمەرگەى لەناوبرد ، چونکە سەرۆک بارزانى پێشمەرگەیە ، پێشمەرگەش واتا کوردستان ، واتە سیمبوڵى قوربانیدان و پارێزگاریکردن لە شکۆ و ئیرادەى کوردوکوردستان کە زیاتر لە یەک سەدەیە لە پێناو ئازادى و رزگارى و ئامانجەکانى تێدەکۆشێت

