zagros news agency

سوپای لوبنان به هۆی هێرشی ئیسرائیل پاشەکشەی کرد

 

بەرپرسێکی باڵای سەربازیی لوبنان، نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی ئاسۆشیەتد پرێسی گوت، ڕۆژی شەموو ١٣ی حوزەیران، دوای پێشڕەویی هێزەکانی ئیسرائیل بەرەو گوندی کەفەر تەبنیتی باشووری لوبنان، سوپای لوبنان هێزەکانی لە بنکەیەکی سەربازیی ئەو گوندە کشانوەتەوە. سوپای ئیسرائیل پێشتر بۆ نزیکەی ٢٠ ناوچە، لەوانە شاری نەبەتیە و گوندەکانی دەوروبەری، هۆشداریی چۆڵکردنی دابوو.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی لوبنان ڕایگەیاند، ڕۆژی شەموو ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی کردە سەر چەند گوندێکی دەوروبەری نەبەتیە. بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، شاری نەبەتیە تۆپباران کرا و دوو کەسیش لە گوندی دێرزەهرانی کوژران.
ئەو بەرپرسە باڵایە بەبێ ئاماژەدان بە وردەکارییەکان بە ئاسۆشیەتد پرێسی گوت، سوپای لوبنان دوای چوونە ناوەوەی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ ناوچەکە، هێزەکانی لە پادگانی کەفەر تەبنیتی کشانوەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، پێدەچێت هێزەکانی ئیسرائیل هەوڵی کۆنترۆڵکردنی گردی ستراتیژیی “عەلی تاهیر”یان دابێت، لە پەراوێزی کەفەر تەبنیت هەڵکەوتووە و بەسەر بەشێکی زۆری شاری نەبەتیە و هەندێک ڕێگەی سەرەکیدا دەڕوانێت. ئیسرائیل پێش کشانەوەی لە باشووری لوبنان لە ساڵی ٢٠٠٠، بۆ ماوەی ١٨ ساڵ ئەو گردەی لەژێر دەستدا بوو.
هاوکات حزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند، هێزەکانیان ڕۆژی شەموو چەند هێرشێکیان بە بەکارهێنانی دوو درۆن دژی هێزەکانی ئیسرائیل ئەنجام داوە. حزبوڵڵا لە دەستپێکی شەڕی ئەمدواییەیەوە لەگەڵ ئیسرائیل، درۆنی بە ڕیشاڵی نوریی بەکار هێناوە، زیانی گیانی و ماددیی بە هێزەکانی ئیسرائیل گەیاندووە.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕۆژی یەکشەممە دوو درۆن لە لوبنانەوە باکووری ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج، بەڵام زیانی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە. ئیسرائیل هەروەها بۆ ١٦ گوندی باشووری لوبنان هۆشداریی چۆڵکردنی دا.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕۆژی هەینی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا بە ئاماژەدان بە ڕێککەوتنی ئەگەریی نێوان ئێران و ئەمریکا گوتی، ئەو ڕێککەوتنە کۆتاییهێنان بە شەڕ لە هەموو بەرەکان، لەوانە لوبنانیش دەگرێتەوە. بەرپرسێکی باڵای حزبوڵڵا بە تەلەڤزیۆنی جەزیرەی گوت، بەرپرسانی ئێران ئەو گرووپەیان ئاگادار کردووەتەوە لوبنان بەشێک دەبێت لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی داهاتووی نێوان تاران و واشنتن.
بە نووسینی ئاسۆشیەتد پرێس، وا دیارە سوپای ئیسرائیل بە چڕکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر باشووری لوبنان هەوڵ دەدات پێش گەیشتن بە هەر ڕێککەوتنێک، دەستکەوتی مەیدانیی زیاتر لە لوبنان بەدەست بهێنێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان: ڕێژەی بەشداریکردن زۆر باشه‌..تا ئێستا شوێنى ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌كان دیارى نه‌كراوه‌

یاسین

کرملین: پوتین و پزیشکیان لەبارەی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا گفتوگۆیان کردووە

سەڵاح

غەززە؛ خۆپیشاندانێکی دەگمەن دژی حەماس کرا

یاسین