zagros news agency

لەسویسرا بە مەبەستی دیاریکرنی رێژەی دانیشتووان گشت‌پرسی کرا

 

لە گشتپرسییەکدا لە سویسرا، بە دەسپێشخەریی پارتی پۆپۆلیستی “ئێس ڤی پی” بۆ دیاریکردنی سەقفی ژمارەی دانیشتووان بەڕێوە چوو، ٥٥٪ی خەڵک دژایەتییان نیشان دا. پارتی ئێس ڤی پی (SVP) گەورەترین پارتی سویسرا لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدایە.
بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکانی گشتپرسییەکە، ٥٥٪ی هاووڵاتییان دەنگی نەرێنییان بە دیاریکردنی سەقف بۆ دانیشتووان داوە و تەنیا ٤٥٪ی خەڵک لەگەڵ ئەو پرسەدا بوون. ئەو ئەنجامانە لەلایەن پەیمانگەی ڕاپرسیی “جی ئێف ئێس” لە بێرن بە سپۆنسەری یەکێتیی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی سویسرا ئامادە کراون. بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەو پەیمانگەیە، بەتایبەت دژایەتیی خەڵک لە ناوچە فەڕەنسیزمانەکانی ڕۆژاوای سویسرا و شارنشینان بووە هۆی شکستی ئەو گشتپرسییە.
ئەو گشتپرسییە بە دەسپێشخەریی پارتی پۆپۆلیستی “پارتی گەلی سویسرا” بەڕێوە چوو، هیوایان دەخواست لەو ڕێگەیەوە بەر بە “شەپۆلی کۆچبەران” بگرن. ئەو پارتە بانگەشەی ئەوە دەکات، ژمارەی دانیشتووانی سویسرا “لە تەقینەوەدایە” و وڵاتی لەگەڵ زۆر ئاستەنگدا ڕووبەڕوو کردووەتەوە. ئەو پارتە دەسپێشخەرییەکەی لەژێر ناوی “نەخێر بۆ سویسرای ١٠ ملیۆنی” دەست پێ کرد، توانی دوای کۆکردنەوەی ١٠٠ هەزار واژۆی پێویست، بیگەیەنێتە قۆناغی گشتپرسی.
ئێستا ژمارەی دانیشتووانی سویسرا دەگاتە ٩.١ ملیۆن کەس. ئەگەر ئەو گشتپرسییە سەرکەوتنی بەدەست بهێنایە، بەهۆی دیاریکردنی سەقفی ٩.٥ ملیۆن کەس، ڕێکاری سنووردارکەر لە بواری پەنابەرێتی و گەیشتنەوەی خێزانی پەنابەران پێویست دەبوو. ئەگەر ئەو ڕێکارانەش بۆ سنووردارکردنی ژمارەی دانیشتووان بێئەنجام بوونایە، ئەو گرێبەستەی لە نێوان سویسرا و یەکێتیی ئەورووپادا بۆ ئازادیی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی ئەو یەکێتییە لە سویسرا هەیە، کۆتایی پێ دەهات.
نزیکەی ٣٣٠ هەزار هاووڵاتیی ئەڵمانی لە سویسرا دەژین. هاووڵاتییانی ئیتاڵی گەورەترین کۆمەڵگەی بیانی لە سویسرا پێک دەهێنن. حکوومەتی سویسرا و زۆربەی پارتەکانی ئەو وڵاتە پێش گشتپرسییەکە هۆشدارییان لەبارەی لێکەوتەکانی سەرکەوتنی ئەو ڕاپرسییە بۆ سەر پێوەندییەکانی نێوان سویسرا و یەکێتیی ئەورووپا دابوو، داوایان لە خەڵک کردبوو دەنگی نەرێنی بدەن.
ناوەندە ئابوورییە گەورەکانیش دژایەتیی خۆیان بۆ ئەو دەسپێشخەرییە ڕاگەیاندبوو، هۆشدارییان دابوو ئەو پڕۆژەیە زیان بە ئابووری دەگەیەنێت و خۆشگوزەرانیی نیشتمانی لاواز دەکات و ڕێککەوتنە تەناهییە گرنگەکان لەگەڵ ئەورووپا دەخاتە مەترسییەوە. پسپۆڕان هۆشدارییان دابوو، سەرکەوتنی گشتپرسییەکە دەبێتە هۆی لاوازبوونی کەرتی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، چونکە بەشە زۆرەکانی تەندروستی و توێژینەوەی پزیشکی و ژێرخانەکان، بە ڕادەیەکی زۆر پشت بە هێزی کاری بیانی، بەتایبەت ئەندامانی یەکێتیی ئەورووپا دەبەستن. لە هەندێک بواری وەک گەشتیاریشدا، کارمەندانی بیانی ڕۆڵێکی گرنگ لە کافتیریا و چێشتخانە و هۆتێلەکاندا دەگێڕن.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆك بارزانی: لە ساڵیادی ئەنفالی بادیناندا بە توندی پێداگری لەسەر مافە ڕەواكانی گەلەكەمان دەكەینەوە

یاسین

ئۆزگور ئۆزەل وەک سەرۆکی گشتیی جەهەپە هەڵبژێردرایەوە

یاسین

هەرێمی کوردستان دەچێتە کۆنفڕانسی وەبەرهێنانی عەرەبی – ئەفریقی

یاسین