ستایلی تایبەتی هونەرمەندی کۆڵۆمبی شاکیرا، بەردەوام بەستراوەتەوە بە پاڵەوانێتییەکانی جامی جیهانیی تۆپی پێ، بەڵام ئەم پەیوەندییە تەنیا لە سنووری پێشکەشکردنی گۆرانیی فەرمیدا نەماوەتەوە، بەڵکو گۆڕانکاریی گەورەی لە ژیانی تایبەتی و خێزانیی ئەو ئەستێرەیەدا دروستکرد.
شاکیرا لە لێدوانێکدا بۆ گۆڤاری “People” ئاماژەی بەوە کرد، مێژووی ئەو لەگەڵ تۆپی پێدا بۆ ساڵی 2006 دەگەڕێتەوە، کاتێک لەو خولەدا بەشداریی کرد و گۆرانیی “Hips Don’t Lie” پێشکەش کرد. بەڵام وێستگەی هەرە گرنگ لە ژیانیدا لە ساڵی 2010 بوو، کاتێک گۆرانیی بەناوبانگی “Waka Waka (This Time for Africa)”ی چڕی، لەو کاتەدا بوو کە باوکی دوو منداڵەکەی ناسی، کە یاریزانی پێشووی ئیسپانی بوو. ئەو لەو بڕوایەدایە، ئەو قۆناغە نەک تەنیا لە ڕووی سۆزدارییەوە، بەڵکو لە ڕووی جیهانیبوویشەوە پێگەی ئەوی جێگیرتر کرد.
شاکیرا ئێستا نازناوی “منداڵانی واکا واکا”ی بەسەر هەردوو کوڕەکەیدا بڕیوە، کە پێکەوە خێزانێکیان پێکهێنا. لە جامی جیهانیی ساڵی 2014شدا، سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتای دووگیانیدا بوو بە کوڕی دووەمی، بەشداریی لە کۆنسێرتەکاندا کرد. ئەو هونەرمەندە لە کۆتاییدا ڕایگەیاند، چارەنووس بەردەوام دەیگەڕێنێتەوە بۆ مۆندیاڵ.

