مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان، له لێدوانێكی ڕۆژنامهوانیدا، لهبارهی کۆبوومەوەکەی ئەمڕۆی لەگەڵ تۆم باراك ، وردەكاری ڕایگهیاند و گوتی؛ “كۆبوونەوەیەكی زۆر باشمان هەبوو باسی هەموو ئەو بابەتانە كران كە ئێستا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان گرنگن، لەسەر چۆنیەتیی هاوئاهەنگی و كاركردن بەیەكەوە لەگەڵ حكومەتی بەڕێز زەیدی لە بەغدا بۆ ئەوەی چۆن ئێمە بتوانین زیاتر هاوئاهەنگی بكەین بۆ پێشخستنی باری ئابووری و دۆخی ئەمنی لە ناوچەكە بە شێوەیەكی گشتی، هەروەها پەیوەندیی دووقۆڵیی هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ ئەمریكا و زیاتركردنی تێكەڵیی ئابووری لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئەمریكی و دەرەوە بۆ ئەوەی زیاتر بێن و سوود لەو دەرفەتە وەربگرن لێرە وەبەرهێنان بكەن و هاوكاریی عێراقیش بكەن بۆ ئەوەی ئابووریی وڵاتەكە بەرەو ئاستێكی بەرزتر ببرێت.”
مهسرور بارزانی گوتی، هەنگاوی یەكەم كاراكردنەوەی پەرلەمانە كە بەڕاستی ئەمە كارێكی زۆر لە جێگەی خۆی نییە تا ئێستا پەرلەمان كارا نەكرێتەوە، ئێمە داوامان كردووە و رۆژی یەكەمیش لەگەڵ ئەوە بووین كە پەرلەمان موڵكی هەموو خەڵكی كوردستانە و هیچ حزبێكی سیاسی و هیچ كەسێكیش بۆی نییە رێگە لە كاراكردنەوەی پەرلەمان بگرێت، پەرلەمان جێگەی ئەوەیە بیروبۆچوونی جیاواز ئەگەر هەشبێت لەوێ موناقەشە بكرێت. بۆیە ئەوەی هەنگاوی یەكەم پەرلەمانە، دوای ئەوە قسەی پێویست دەكرێ لەسەر پێكهێنانی حكومەت.
لە بارەی رێکەوتنی ئەمریکا و ئێرانیش سهرۆكی حكومهت ڕایگهیاند: “ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئاشتی بووین، هەر ڕێككەوتنێك كە ناوچەكە بەرەو سەقامگیری و ئاشتی ببات، ئێمە پێشوازی لێ دەكەین.”
لە بارەی ئەوەی کێشە لە کوێدایە بوچی حکوومەت پێک نایەت، مەسرور بارزانی ئاماژهی بۆ ئهوه كرد، كێشەكە، ئەگەر ئامادەن، با بێن ئەوەل جار پەرلەمان كارا بكەنەوە، هەنگاوی یەكەم لەوێوە دەست پێ دەكات.
لە بارەی پەرلەمانیشەوە سهرۆكی حكومهت، ئهوهی خسته ڕوو، پەرلەمان نە موڵكی پارتیە نە هی یەكێتیە، هی خەڵكی كوردستانە، ئەو كەسەی ڕێگریی لە كاراكردنەوەی پەرلەمان دەكات، ئەو وەختە دەبێ خەڵكی كوردستان بڕیاری خۆی بدات.

