یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان بە فەرمی داوا لە هاووڵاتییان دەکات جۆرێکی خواردنەوەی بیبسی نەکڕن کە وێنەی ئاڵای عێراقی لەسەر نەخشێنراوە، ئەمەش بەهۆی بوونی وشەی (الله أکبر) لەسەر قوتووەکان.
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایان ڕایگەیاند، کە ناوی خودا پیرۆزە و نابێت لەسەر کاڵای بازرگانی بەکاربهێنرێت، چونکە دوای خواردنەوەی قوتووەکە فڕێدەدرێتە شوێنی پیس و زبڵدانەوە، ئەمەش بێڕێزییەکی گەورەیە و لە ڕووی شەرعیشەوە هەر کارێک سەر بکێشێت بۆ حەرام، خۆی حەرام دەبێت.
لەکۆتاییدا یەکێتیی زانایان داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات هەرچی زووە ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە کاڵایانە بگرن بۆ ئەوەی ڕێگری لە بێڕێزیکردن بە پیرۆزییە ئایینییەکان بکرێت.

